هەڵبژاردەی مەکسیک دیارییە گرانبەهاکانی گێڕایەوە بۆ خاوەنەکەی

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵبژاردەی تۆپی پێی مەکسیک لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، خافیێر ئاگیرێی ڕاهێنەر و یاریزانانی تیپەکە بڕیاریانداوە ئەو کاتژمێرە گرانبەهایانە بگەڕێننەوە کە لەلایەن ستیو دیلیۆناردسی یوتیوبەری ئەمریکی پێشکەشیان کرابوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی لیژنەی ڕێکخەری مۆندیالی 2026، ئەو بڕیارە بە ڕێککەوتنی هاوبەش لەنێوان یاریزانان و ستافی تەکنیکیدا دراوە، دیلیۆناردس کە بە ستیو ناسراوە، لە سەردانێکیدا بۆ کەمپی مەکسیک لە باشووری شاری مەکسیكۆ، کاتژمێرە سویسرییە گرانبەهاکانی بە دیاری پێشکەش کردبوو، کە بەهایان زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئەو دیارییە دوای ئەوە هات کە دیلیۆناردس بڕی دوو ملیۆن دۆلاری لەسەر بردنەوەی مەکسیک بەرامبەر ئیکوادۆر لە قۆناغی 32 دانابوو، یارییەکەش بە سەرکەوتنی مەکسیک بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام کۆتایی هات، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو یاریزانان لە کاتی وەرگرتنی دیارییەکان سەرسام و دڵخۆش بوون، بەڵام لە کۆتاییدا گەڕانەوەی دیارییەکە وەک بڕیارێکی کۆتایی ڕاگەیەندرا.

مەکسیک لە ئێستادا خۆی بۆ یارییەکی چارەنووسساز بەرامبەر ئینگلتەرا لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات، کە بڕیارە سبەی لە یاریگای مێژوویی ئازتیکا بەڕێوەبچێت.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا