ماڵئاوایی لە تاران و نەجەف؛ ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی شەش ڕۆژ دەخایەنێت

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشداریکردنی نوێنەری وڵاتان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی ماڵئاوایی لە تەرمی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران. فۆتۆ: AFP
بەشداریکردنی نوێنەری وڵاتان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی ماڵئاوایی لە تەرمی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران. فۆتۆ: AFP

پاش کوژرانی لە هێرشێکی ئاسمانی، ئێران بە بەشداری شاندی باڵای 100 وڵات و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی وڵاتەکەی دەستپێکرد.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکان لە تاران

ئێران بە فەرمی ڕێوڕەسمی ناشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری پێشووی باڵای وڵاتەکەی دەستپێکرد. بەیانی ئەمڕۆ هەزاران کەس لە مەیدانی موسەڵای تارانی پایتەخت کۆبوونەوە. ئامادەبووان لافیتەی سووریان وەک هێمایەک بۆ تۆڵەسەندنەوە بەرزکردبووەوە و دروشمی دژی ئەمریکایان دەوتەوە. حکومەتی ئێران بەم بۆنەیەوە 5 ڕۆژ پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاندووە.

خشتەی کات و شوێنی مەراسیمەکان

ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی بە گشتی 6 ڕۆژ دەخایەنێت. بڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێ ڕێوڕەسمەکە لە مەیدانی موسەڵای تاران بەردەوام بێت. ڕۆژی 6ـی مانگ مەراسیمەکە دەگوازرێتەوە بۆ شاری قوم، لە دواجاریشدا ڕۆژی 9ـی ئەم مانگە تەرمەکەی لە شاری مەشهەد بەخاکدەسپێردرێت. خامنەیی لە 28ـی شوبات لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا.

هێنانەوەی تەرمی خامنەیی بۆ عێراق

بەپێی کارنامەی ڕێوڕەسمەکە، ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە تەرمی عەلی خامنەیی دەهێندرێتە وڵاتی عێراق. بڕیارە لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا ڕێوڕەسمی تایبەتی بۆ بەڕێوەبچێت و دواتر بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی بەخاکسپاردن لە شاری مەشهەد.

بەشداری وڵاتان و سەرکردەکانی هەرێم

بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە نوێنەری نزیكەی 100 وڵات و شاندی فەرمی بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەکەن، لەوانە سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سەرۆکی تاجیکستان و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا. لەسەر ئاستی عێراق، نزار ئامێدی، سەرۆککۆمار و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان چوونەتە تاران. هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکە گەیشتوونەتە تاران.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا