بەهای تمەن جارێکی دیکە هەرەسی هێنا؛ 100 دۆلار گەیشتە 17.6 ملیۆن تمەن
سەرەڕای لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەهای تمەنی ئێرانی جارێکی دیکە دابەزینی بەرچاوی تۆمار کرد و شارەزایانیش هۆشداریی دەدەن لە مامەڵەکردن بەو دراوەیە.
بەراوردى نرخەکان لە ماوەى 3 هەفتەدا
بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی گەورەی تۆمار کرد، بەجۆرێک لە ئێستادا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 17 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 15ـی حوزەیرانی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بە 15 ملیۆن و 500 هەزار تمەن بووە، ئەمەش واتە لە ماوەی نزیکەی 3 هەفتەدا بۆ هەر 100 دۆلارێک بڕی 2 ملیۆن و 100 هەزار تمەن لە بەهاکەی لەدەستداوە.
کاریگەریى جەنگ و دۆخى سیاسی لەسەر بەهاى تمەن
لە سەرەتای دەسپێکی جەنگی ئێران لە 28ـی شوبات و هەفتەی یەکەمی مانگی ئازاردا، بەهای 100 دۆلار ئاستی 19 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند. پاش لێکتێگەیشتنەکانی تاران و واشنتن بۆ ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز، بەهای تمەن بۆ ماوەی یەک هەفتە کەمێک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی دۆخی سیاسی و دارایی، دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە.
نرخى تمەن لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی تمەن بە نرخێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت؛ بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 14 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە. هەروەها بەهای 100 هەزار تمەنی ئێرانی بەرامبەر 1,100 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هۆشداریى بۆ مامەڵەکارانى دراو
شارەزایانی دراو هۆشداریی دەدەنە هاونیشتمانیان کە لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی تمەندا وریابن بۆ ئەوەی تووشی زیانی دارایی نەبن. جەخت دەکرێتەوە کە بەهۆی جێگیرنەبوونی دۆخی دارایی و سیاسی و نادیاریی ئایندەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بە ناجێگیری دەمێنێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا