گومرگی سلێمانی: ئێران بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ چوار دەروازەکە دەکات و پێویستە بەغدادیش بیانناسێنێت

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دەروازەی نێودەوڵەتیی  باشماخ. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات چوار دەروازەی سنووری وەک دەروازەی فەرمی بناسێنێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێران مامەڵەی فەرمییان لەگەڵ دەکات و هەمان ڕێکاری گومرگییان تێدا جێبەجێ دەکرێت.

مامەڵەی فەرمیی ئێران لەگەڵ دەروازەکان

بەڕێوەبەرى گومرگی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەرچی حکومەتى فیدراڵ تاوەکو ئێستا دەروازە سنوورییەکانى کێلێ، پشتە، سەیرانبەن و شوشمێی بە فەرمى نەناساندووە، بەڵام حکومەتى ئێران مامەڵەى فەرمییان لەگەڵ دەکات. قادر پیرۆت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەوڵى پێویست بدرێت تاوەکو حکومەتى عێراقیش هاوشێوەی وڵاتی دراوسێ، بە فەرمى دان بەم دەروازانەدا بنێت.

جێبەجێکردنی ڕێکارە گومرگییەکان

سەبارەت بە شێوازی کارکردن لەو خاڵە سنوورییانەدا، قادر پیرۆت ڕوونی کردەوە کە لە هەر 4 دەروازەکەدا هەمان ڕێکارى گومرگى جێبەجێ دەکرێت کە لە دەروازە فەرمییەکانی دیکەدا هەیە. بۆ نموونە، ئەو ڕێکارانەی لە دەروازەى نێودەوڵەتیی باشماغ بۆ هێنان و ناردنی کاڵا پەیڕەو دەکرێن، لەم دەروازانەش بە هەمان شێوە جێبەجێ دەکرێن.

چارەنووسی دەروازەکان لە سستمی ئەسیکۆدادا

لەگەڵ جێبەجێکردنی سستمی دارایی "ئەسیکۆدا" لە هەرێمی کوردستان، دەنگۆی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان بڵاوبووەوە. بەڕێوەبەرى گومرگی سلێمانی دڵنیایی دا کە ئەو بڕیارە ئەم 4 دەروازەیە ناگرێتەوە. قادر پیرۆت ڕایگەیاند، مەبەست لە داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، تەنیا هەندێک ڕێڕەوى سنوورییە کە بە شێوەی کۆڵبەرى کاڵا، پێداویستى و سووتەمەنییان لێوە دەگوازرێتەوە، نەک ئەم دەروازە ناسراوانە.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا