وەزارەتى دارایی ڕەتیکردەوە داواى دواخستنى مووچەى کردبێت

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وەزارەتى دارایی ڕەتیکردەوە هیچ شاندێکیان لە بەغداد داوای کردبێت مووچە نەنێردرێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ دانبەوەدا دەنێت مووچە دەکەوێتە دواى 10 بۆ 15ـى مانگ، چونکە ڕاپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە لە یەک بۆ 10ـى مانگ ئامادەدەکرێت، کە پابەندییەکى سەرەکى ناردنى مووچەیە.

هۆکاری چوونی شاندەکان بۆ بەغداد

وەزارەتى دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا باسیلەوەکردووە، شاندەکان بۆ کێشەکانی تایبەت بە گومرگ، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا و کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ چوونەتە بەغداد.

داواکاری بۆ چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ داهاتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتى دارایی دەڵێت، تەنیا لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لەسەر داهاتى نانەوتى گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەگوێرەى یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە 50% داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

ڕەتکردنەوەی داوای نەناردنی مووچە

وەزارەتەکە دەڵێت "هەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت ڕاست ناکات و درۆیە".

وەزارەتى دارایی فەرمانبەران و مووچەخۆران بێئومێد کردووە لەوەى لەم هەفتەیەدا مووچە بێت، چونکە دەڵێت "وەکو هەمیشە داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەکەوێتە دە ڕۆژی مانگی دواترەوە".

لە کۆتایى ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، بۆیە ناکرێت مووچە بەو بیانووە دوابخرێت".

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا