بلومبێرگ: مانگی ڕابردوو بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک 18.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕاند
وڵاتانی کەنداو هەناردەی نەوتی خاویان لە ڕێگەی گەرووی هوورمز دەستپێکردووەتەوە و بەگوێرەی داتاکانیش تەنیا مانگی ڕابردوو ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە 18 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 2 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوت زیاد کردووە.
ئامارەکانی ئۆپێک و ئاژانسی بلومبێرگ بۆ بەرهەمهێنانی نەوت
ئاژانسی بلومبێرگ لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئۆپێکەوە ڕایگەیاند، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەیان 2 ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل زیاد کردووە و گەیشتووەتە 18 ملیۆن و 875 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیادبوونیان تێدا تۆمار کراوە
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو زیادبوونانە لە کوێت، سعوودیە و ئێران تۆمار کراون، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان هێشتا زۆر کەمترە لە ئاستەکانی پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووی ئەمساڵ.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوێت دوای جەنگ
وڵاتی کوێت گەورەترین زیادبوونی بەرهەمی لە نێوان 11 وڵاتی ئەندامی ئۆپێکدا تۆمار کردووە، بەو پێیەی بەرهەمهێنانی 870 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد کردووە و گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 360 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بەهۆی جەنگەوە بەرهەمی وڵاتەکە بەڕێژەی 80% کەمیکردبوو.
پێگەی سعوودیە لە زیادبوونی هەناردەی نەوتدا
هەروەها سعوودیە لەڕووی قەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانەوە پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد کرد و بە تێکڕا گەیشتە 7 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بارودۆخی بەرهەمهێنان و کۆگاکانی نەوتی ئێران
لە پاش سعوودیە، ئێران دێت کە بەرهەمهێنانی 510 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد کردووە و گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ماوەی جەنگی ئێراندا کۆگاکانی نەوتی ئێران و کەشتییە نەوتییەکان پڕ بوون لە نەوتی خاو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا