ڕووسیا کۆنتڕۆڵکردنی کۆستیانتینیڤکا و تەواوی لوهانسکی ڕاگەیاند
ڕووسیا کۆنتڕۆڵکردنی شاری کۆستیانتینیڤکا و تەواوی ناوچەی لوهانسکی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، کە بە دوایین قەڵای ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس دادەنرێت، بەڵام کیێڤ ڕەتیکردەوە گۆتی "سەربازەکانی بەرگری دەکەن".
دۆخی دانیشتووان بەر لە جەنگ
بەر لە دەستپێکردنی جەنگ، ئەم شارە دانیشتووانەکەی نزیکەی 78 هەزار کەس بووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی 2025 نزیکەی 3 هەزار کەس لەو شارەدا ماونەتەوە، کە پێگە ستراتیجییەکەی وایکردووە ڕووسیا بەردەوام هەوڵبدات بۆ دەستبەسەرداگرتنی، بە مەبەستی دابڕاندنی لە ناوچەکانی دیکە و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەی دۆنباس.
ڕاگەیەندراوی فەرمیی کرێملین
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی شارەکەوە ڕایگەیاند، کۆستیانتینیڤکا بە تەواوی کۆنتڕۆڵکراوە و ئێستا شارەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی سوپاکەیاندایە.
بەسەرکردنەوەی مەیدانیی پوتن
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لەبارەی چالاکییەکانی سەرۆکی ڕووسیاوە باسی لەوەشکرد، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بنکەیەکی فەرماندەیی سوپای ڕووسیای لە ناوچەکە بەسەرکردووەتەوە، بە مەبەستی بەدوانداچوونی دوایین پێشهاتەکان و سوپاسی سەربازانی ڕووسیای کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە.
کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی لوهانسکی
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لەبارەی پێشڕەوییەکانی سوپای وڵاتەکەیەوە گوتیشی "ئێستا هێزەکانی ڕووسیا تەواوی ناوچەی لوهانسکی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کردووە، کە یەکێکە لەو دوو ناوچەی دۆنباس پێکدەهێنن".
لێدوانی سەرۆکی ڕووسیا
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش لە میانی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانیان لە ناوچەکە ئاماژەی بە گرنگیی ستراتیجیی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە کرد و جەختی لەوەکردەوە، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە دەستپێشخەریی ستراتیجی لە سەرجەم بەرەکاندا.
پێگەی هێزەکانی ڕووسیا لە بەرە جیاوازەکاندا
لە بەرامبەردا ڤالێری گیراسیمۆڤ، سوپاسالاری ئۆکرانیا لەبارەی نزیکبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیاوە ڕایگەیاند، ئێستا هێزەکانی ڕووسیا 9 کیلۆمەتر لە زاپۆریژیا دوورن، کە شارێکی گەورەی باشووری ئۆکرانیایە و پێش جەنگ زیاتر لە 700 هەزار دانیشتووی هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ناوچەی سومی، پایتەختی باکوورەوە دوورن کە پێش شەڕەکە نزیکەی 250 هەزار دانیشتووی هەبووە.
وەڵامی سوپای ئۆکرانیا
ئەندری کۆڤالیۆڤ، گوتەبێژی سوپای ئۆکرانیا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، بانگەشەکانی ڕووسیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری کۆستیانتینیڤکا، کە بە "قەڵای ڕۆژهەڵات" ناودەبرێت، ناڕاستە و سوپاکەیان بەدرێژایی هێڵە بەرگرییە دیاریکراوەکان لە پێگەکانیاندا ماونەتەوە. ئهندری کۆڤالیۆڤ لەبارەی دۆخی مەیدانیی هێزەکانیانەوە گوتیشی "دۆخەکە سەختە بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەرگریی ئۆکرانیادایە".
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا
بەرەبەیانیی ئەمڕۆش ئۆکرانیا بە دەیان درۆن هێرشیکردە سەر شاری سانت پیترسبۆرگ، سوپای ڕووسیا خستنەخوارەوەی زۆرێک لەو درۆنانەی ڕاگەیاند، بەڵام چەند درۆنێک بەر وێستگەیەکی سەرەکیی نەوت، بەندەرێک و کۆشکێکی مێژوویی شارەکە کەوتن و زیانیان گەیاند، ئەم هێرشانەش دوای بۆردوومانە چڕەکانی پێنجشەممە و هەینیی ڕووسیا دێن بۆ سەر کیێڤ و ناوچەکانی دیکە، کە بە هۆیەوە 30 کەس کوژران.
پێکانی ئامانجە سەربازی و ئابوورییەکان
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی ئێکس لەبارەی هێرشەکانی سەر خاکی ڕووسیاوە ڕایگەیاند، بنکەی دەریایی کرۆنشتادیان لە سانت پترسبۆرگ بەئامانج گرتووە و زیانیان بە ژێرخانی نەوتی بەندەرەکان گەیاندووە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەبارەی سەرکەوتنی هێرشەکەوە گوتیشی "هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی سەربازی لە کرۆنشتات و ئامانجەکەیان پێکاوە".
گۆڕانی هاوکێشەکان و ئاسۆی ئاشتی
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا – ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و سەرقاڵی جیهان بەو ئاڵۆزییانەوە، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە، لە بەئامانجگرتنی قووڵایی خاکی یەکترەوە تاوەکو تاقیکردنەوەی مووشەک و درۆنە جیاوازەکان، ئەمەش هەوڵەکانی ئاشتی و ئاگربەستی بە بنبەست گەیاندووە و ئێستا هیچ هیوایەک نییە بۆ کۆتاییهاتن بەو جەنگەی زیاتر لە 4 ساڵە بەرۆکی ئەورووپای گرتووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا