جەنگی ئەمریکا و ئێران چاوەکانی لەسەر جەنگی غەززە لابردووە؛ چارەنووسی غەززە بە نادیاری ماوەتەوە

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
چادرگەیەکی فەلەستینییە ئاوارەکان لە نێوان وێرانەکانی بینا و باڵەخانەکانی نزیک کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە. فۆتۆ: AFP
چادرگەیەکی فەلەستینییە ئاوارەکان لە نێوان وێرانەکانی بینا و باڵەخانەکانی نزیک کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە. فۆتۆ: AFP

جەنگی غەززە، پریشکی دەستپێکی ساڵانێک لە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، چارەنووسی ئەو ناوچە خاپوورکراوە تاوەکو ڕادەیەکی زۆر لەبیرکراوە.

چەقی مەترسیدارترین ململانێ

ئەو بێباکییەی بەرامبەر بە خاکی فەڵەستین دروست بووە، لە چەقی ئەو ڕووداوانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە ناو مەترسیدارترین ململانێوە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا.

فراوانبوونی بازنەی شەڕەکە

هێرشی بزووتنەوەی حەماس، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی سەربازیی وێرانکەری لە غەززە لێکەوتەوە، کە هاوپەیمانەکانی تاران، وەکو حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەنی بۆ ناو جەنگەکە ڕاکێشا و لە کۆتاییشدا خودی ئێران خۆی.

بەردەوامیی قەیرانی مرۆیی لە غەززە

زیاتر لە 2 ساڵ و نیو، غەززە هێشتا لە قەیرانێکی مرۆیی سەختدا گیریخواردووە، سەرەڕای ئاگربەستێکی لاواز لە تشرینی یەکەمی 2023، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنانێکی یەکلاکەرەوە بە جەنگەکە وەستاوە.

غەززە لە یاداشتنامەی تاران و واشنتندا نییە

هەرچەندە بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ ئەمریکا، باسیان لە ڕێککەوتنێک کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە، بەڵام دەقی یاداشتنامەکە هیچ ئاماژەیەکی بە غەززە نەکردووە.

گۆڕانی ئەولەویەتە ستراتیجییەکان

شیکەرەوان بۆچوونیان وایە ئەمە واتای گۆڕانکارییە لە ئەولەویەتی ناوچەکە و ڕەنگدانەوەی دابەزینی بەهای ستراتیجیی حەماسە لە چاوی ئێراندا، لە کاتێکدا ماندوێتیی نێودەوڵەتی بووەتە هۆی ئەوەی تیشکی دیپلۆماسی لەسەر غەززە بکشێتەوە.

پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی

دیپلۆماتکاران لەبارەی ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێرانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی غەززە لە یاداشتنامەکەی ئێران و ئەمریکادا، ڕەنگدانەوەی پەککەوتنی سیاسییە نەک پێشکەوتن.

بنبەستی مەرجەکانی لایەنەکان

سەرەڕای ئەوەش، دۆخەکە بە بنبەستی ماوەتەوە، ئیسرائیل داوا دەکات حەماس بە تەواوی لە چەک دابماڵرێت و حەماس ڕەتی دەکاتەوە ئەو کارە بکات، بەبێ گەرەنتیی دەسەڵاتێکی فەڵەستینیی جێگرەوە.

ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ

لەگەڵ وەستانی دیپلۆماسییەت، نیگەرانییەکان زیاد دەکەن کە شەڕەکە لەوانەیە دەست پێ بکاتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە ئامادەکاریی سەربازیی ئیسرائیل دەکەن بۆ هێرشێک لە هاوینی 2026، ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

ڕوانگەی شارەزایانی سەربازی

شارەزایەکی سەربازی لەبارەی پلانی هێرشەکەوە هۆشداری دا کە پلاندانان بۆ حاڵەتە نائاساییەکان واتای دەستپێکردنەوەی شەڕ نییە.

پێشبینی شیکەرەوان بۆ ئایندەی غەززە

شیکەرەوان لەبارەی چارەنووسی داهاتووی ئیسرائیل و حەماسەوە بۆچوونیان وایە، ئیسرائیل دەسەڵاتی کەمبووەتەوە و واشنتن لە کۆتاییدا دەتوانێت فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ قبوڵکردنی بێچەککردنی قۆناغ بە قۆناغی حەماس لەگەڵ چوارچێوەیەکی گواستنەوەدا یان تەنانەت پاشەکشەکردنی تەواوەتی لە غەززە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا