سەرۆککۆماری عێراق: بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت گەڕانەوەی نییە؛ "نە لەگەڵ ئێرانین و نە دژی ئەمریکاین"

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی چەکی گرووپەکان و فایلی ئەمنییەوە دەڵێت، دوای دۆسیەکانی گەندەڵی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەست دەداتە بابەتی چەکی گرووپەکان و یەکلاکردنەوەی فایلی ئەمنی لەگەڵ تورکیا، دەشڵێت، وەک عێراق نە لەگەڵ ئێرانین نە لەگەڵ ئەمریکا.

کۆکردنەوەی چەک بۆ ژێر دەستی دەوڵەت

نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە 4ـی تەممووز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، لەبارەی پرسی چەکەوە گوتی، بڕیاری کۆکردنەوەی چەک بۆ ژێر دەستی دەوڵەت، هیچ پاشگەزبوونەوەیەکی نییە و ئەو پرسەش بە گرنگترین دۆسیە لەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لەقەڵەم دەدات.

نامەی بەغدا بۆ تاران

ئاشکراشیکردووە، لە بەغداوە نامە بۆ ئێران نێردراوە کە وا پێویست دەکات لەبارەی هەریەک لە پرسەکانی، سنوور، سەروەری و گرووپە چەکدارەکان، بێت دانوستان بکات لەگەڵ عێراق.

دۆخی ئەمنیی ناوخۆی عێراق

نزار ئامێدی لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراقیش ئەوەی خستووەتەڕوو، کە هێشتا ئاسایشی عێراق لەق و لەرزۆکە.

هاوسەنگیی ئاسایشی هەرێمی

نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی دۆخی هەرێمی و وڵاتانی هاوسێشەوە گوتی، ئاسایشی وڵاتانی کەنداو بەندە بە ئاسایشی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە و تەواوکەری یەکدین.

سیاسەتی دەرەوەی عێراق

سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق نە لەگەڵ ئێران دەبێت دژی ئەمریکا نە بە پێچەوانەوە (عێراق لەگەڵ واشنتن نابێت لەدژی ئێران).

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا