وەزارەتى دادى عێراق: لە دوو ساڵدا 25 ملیۆن دۆلار گەڕێنراوەتەوە؛ "زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری دیکە دەگەڕێنرێتەوە"

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق

حکومەتی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ هێنانەوەی پارە و سامانە بەتاڵانبراوەکان دەست پێ کردووە، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دادی عێراق، لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار لە پارە دزراوەکان گەڕێندراوەتەوە، لە پێنج وڵاتیش ڕێکارە دادوەرییەکان گیراونەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و هەژمارە بانکییە دزراوەکان، کە زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە.

ڕێکاری یاسایی و دادوەری

ئەحمەد لەعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی هەماهەنگییەکانیان بۆ گێڕانەوەی پارەکان ئاماژەی بەوە کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و بە ڕێکاری یاسایی و دادوەریی پشتبەستوو بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، کارەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق بەردەوامن.

ئاڵۆزییەکانی پرۆسەی گێڕانەوەی پارە دزراوەکان

ئەحمەد لەعێبی لەبارەی سروشتی پرۆسەی گێڕانەوەی پارەکانەوە گوتی، پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت و لەبارەی دیارترین ئەو سکاڵایانەی لە بەرژەوەندیی عێراق یەکلا کراونەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، لەوانە سکاڵای دامەزراوەی متمانەپێدانی بازرگانیی جیهانی کە لە ساڵی 2010 لە دادگاکانی ئوردن تۆمار کراوە و داوای 53 ملیۆن دۆلار لە عێراق کرابوو بەهۆی گرێبەستەکانی شمەک بە شمەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی.

بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق

ناوبراو لەبارەی بڕیاری دادگا لە ساڵی 2015 ڕوونی کردەوە، دادگا لە ساڵی 2015 بڕیاری دا بە پابەندکردنی وەزارەتی پیشەسازی و حکومەتی عێراق بە پێدانی بڕە پارەکە و سوودەکەی. بەڵام ڕێکارەکانی دواتر بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بلۆککردنەکان لەسەر سامانی عێراق لە ئوردن، هەمان دامەزراوە جارێکی دیکە لە دادگاکانی ئەمریکا سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام دادگای ئەمریکاش لەسەر بنەمای پارێزبەندیی سەروەری سکاڵاکەی ڕەت کردەوە.

گێڕانەوەی ملیۆنان دۆلار لە لوبنان و ئوردنەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی پارەکان لە بەیرووت دووپاتی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026 توانراوە 3 ملیۆن دۆلار بگەڕێننەوە کە خرابووە سەر هەژماری بانکیی باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت، پارەکەش بەشێک بوو لە پارە براوەکانی ئەمیندارێتیی بەغداد و لە بانکەکانی لوبنان بلۆک کرابوو.

پلانی گەڕانەوەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری دیکە

ئەحمەد لەعێبی لەبارەی بڕیارە دادوەرییەکانی دیکەوە گوتی، چەندین بڕیاری دادوەریی دیکە لە بەرژەوەندیی عێراق یەکلا کراونەتەوە، لەوانە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 332 ملیۆن دیناری بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی ئاڵوگۆڕی پشک و قەواڵەکان، گەڕاندنەوەی زیاتر لە 20 ملیار و 487 ملیۆن و 308 هەزار دۆلاری بانکی بازرگانیی عێراقی، پاش ئەوەی بڕیاری عێراق داڕشتنی جێبەجێکاریی لە لوبنان وەرگرت. هەروەها بڕیارێکی دیکەش دەرچووە بۆ گەڕاندنەوەی 1 ملیار و 706 ملیۆن دۆلاری تۆمەتبارێکی هەڵاتوو لە ئوردن، لەگەڵ بەردەوامیی ڕێکارە جێبەجێکارییەکان لەسەر سامانە بلۆککراوەکان.

ماوەی پێویست بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان

گوتەبێژی وەزارەتی داد لەبارەی ماوەی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکان جەختی کردەوە، هەر دۆسییەکی پارە دزراوەکان پێویستی بە 2 بۆ 7 ساڵە تاوەکو یەکلا دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزیی سەلماندنی یاسایی و جیاوازیی یاساکان لە نێوان عێراق و وڵاتان.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا