ترەمپ: مۆڵەتی یەک هەفتەمان داوە بەخۆمان تاوەکو ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی تەواو دەبێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری پێشووی ئێرانەوە ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەکات و ئەگەر بیویستیایە هەموو سەرکردەکانی ئێرانی لە پرسەکەدا لەناو دەبرد.
"پاڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتن"
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هەڵوێستی ئێستای ئێرانەوە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەکسیۆس، جەختی لەوە کردەوە، ڕژێمی ئێران لە ئێستادا بێهیوا بووە لە کۆتاییهێنان بەم جەنگە و گوتی: "ئەوان دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن."
ڕاگرتنی کاتیی دانوستانەکان
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن و تاران بە شێوەیەکی دوولایەنە ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی دانوستانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک، تاوەکو ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی کۆتایی دێت.
ڕاگرتنی تەواوەتیی هێرشەکان
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییەدا، شەڕ لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە تەواوی ڕاگیراوە و دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکانەوە گوتی: "لەو ماوەیەدا، هیچ لایەک هێرش ناکاتە سەر لایەکەی دیکە".
باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئێرانەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی ئەمریکا، باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکای هێنایەوە بەرباس و ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی ئێران لە پرسەکەدا کرد و گوتی: "هەموویان لەوێن، بە یەک هێرش دەتوانین هەموویان لەناو ببەین، بەڵام ئێمە ئەوە ناکەین، چونکە ئەگەر ئەوە بکەین، کەسمان نامێنێت دانوستانی لەگەڵ بکەین".
گومانکردن لە فرمێسکی بەشداربووان
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی خەڵکی بەشداربووی پرسەکەوە هاوكات گومانی لەسەر ئەو جەماوەرەی بۆ پرسەی ڕێبەری پێشووی ئێران کۆببوونەوە دەربڕی و گوتی: "من پێم وابوو خەڵک ڕقیان لە خامنەیی بوو"، پاشان پرسیاری لەسەر ڕاستگۆیی ئەو گریان و شیوەنە کرد کە خەڵکەکە دەیکەن و گوتی: "ڕەنگە فرمێسکی ساختە بن."
چاوپێکەوتن لەگەڵ نەتانیاهوو
هاوكات ترەمپ ئاشکرای کرد، چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکرێت پاش گەڕانەوە لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە ئەنجام بدات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا