هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا ژیانیان لە کریمیا پەکخستووە
هێرشە درۆنییە بەرفراوانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر نیمچەدوورگەی کریمیا و ناوچەکانی دیکە، کەرتی وزە، سووتەمەنی، گواستنەوە و گەشتوگوزاری ڕووسیایان دووچاری ئیفلیجی کردووە و مۆسکۆیان ناچار بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی کردووە. ئەم ستراتیجییەتەی کیێڤ بە ئامانجی دروستکردنی گوشاری ئابووری و ناچارکردنی ڕووسیایە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ.
باری نائاسایی لە کریمیا
تەنیا هێرش و بۆردوومانەکانی ڕووسیا نین زیان و کاریگەری دروست دەکەن، بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا کیێڤیش توانیویەتی گورزی توند لە مۆسکۆ بوەشێنێت. هێرشە درۆنییە بەرفراوانەکانی ئۆکرانیا ژیانی ڕۆژانە و حوکمڕانیی لە سەرانسەری نیمچەدوورگەی کریمیا ئیفلیج کردووە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ڕووسیای ناچار کرد باری نائاسایی ڕابگەیێنن.
بەئامانجگرتنی قووڵایی خاکی ڕووسیا
لە ماوەی ڕابردوودا ئۆکرانیا توانیویەتی بە سەدان درۆن بگەیێنێتە قووڵایی خاکی ڕووسیا، بە تایبەت سەرنجی ستراتیجییان خستووەتە سەر نیمچەدوورگەی کریمیا، کە لە ساڵی 2014دا ڕووسیا کۆنترۆڵی کرد.
پچڕانی کارەبا و ئاو
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا، کەرتی وزە، سووتەمەنی و وێستگەکانی کارەبا دەکەنە ئامانج، ئەمەش وای کردووە کارەبای زیاتر لە نیوەی کریمیا ببڕێت و هەزاران کەسی بە بێ ئاو هێشتووەتەوە.
قەیرانی توندی سووتەمەنی
لەەم دواییەدا هێرشی سەر کۆگاکانی نەوت و وێستگەی کارەبای کێرچ بووە هۆی قەیرانی سووتەمەنیی توند، لە هەندێک شوێن بەنزین و سووتەمەنی نەمان و لەو شوێنانەش کە هەبوون خەڵکی چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا دەوەستان بۆ بەدەستهێنانی چەند لیترێک گاز و بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.
زیان گەیاندن بە هێڵەکانی گواستنەوە
درۆنەکانی ئۆکرانیا تەنیا بەوەوە نەوەستان، بەڵکو پردەکان و هێڵی شەمەندۆفێریشیان بەئامانج گرت، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی هاوردە بەڕێژەی دوو لەسەر سێ و قەیرانێکی توندی کەمبوونەوەی خۆراکی لێکەوتەوە.
پاشەکشەی کەرتی گەشتوگوزار
کریمیا بە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە و ڕێگاوبانەکان لە سەرەتای وەرزی گەشتیاریی هاویندا بووەتە هۆی ئەوەی سەردانکەران لە دوورگەکە دوور بکەونەوە، ئەمەش زیانی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئامانجی ئۆکرانیا لە هێرشەکان
ئۆکرانیا لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت زیانێکی ئابووریی ئەوتۆ بگەیێنێت بە مۆسکۆ، ڕووسیا ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و سازش بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە چوار ساڵە بەرۆکی وڵاتەکەیانی گرتووە.
زیانە داراییەکانی ڕووسیا
شرۆڤەکارانی دارایی لەبارەی زیانەکانی ڕووسیاوە پێشبینی دەکەن، زیانی دارایی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕووسیا زیاتر لە 1 تریلیۆن ڕۆبڵی ڕووسی بێت، کە دەکاتە نزیکەی 13 ملیار دۆلار، ئەمەش تەنیا قازانجی لەدەستچووی کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیایە، جگە لەوەش، زیانی ڕاستەوخۆ بەهۆی تێکچوونی ئامێرەکان و پاڵاوگەکانەوە بە زیاتر لە 100 ملیار ڕۆبڵ، واتە 1 ملیار و 290 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
کەمبوونی توانای پاڵاوتنی نەوت
شرۆڤەکاران لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانەوە دەڵێن، بۆردوومانەکان بەڕێژەی 20% بۆ 40% توانای پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیایان کەمکردووەتەوە، ئەمەش ناچاری کردوون بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا