ئێران لەڕێگەی ئایەتەکانی قورئانەوە پەیامی بۆ وڵاتان نارد
لە شاری تاران ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی بۆ سەرۆک و نوێنەری وڵاتان و هێز و گرووپەکانی ناوچەکە و جیهان ڕێکخرا. ئەوەی مایەی سەرنج بوو، ئەو ئایەتانە بوو لە کاتی هاتنی شاندەکاندا دەخوێنرایەوە و سەرجەمیان وەک پەیامێک بۆ وڵاتەکانی ئەو شاندانە دادەنرێت.
پەیامی دۆستایەتی بۆ بەغداد و هەولێر
پەیامەکان کە لە ڕێگەی ئایەتەوە بە هەرێمی کوردستان و عێراق درا، سەرجەمیان دۆستانە بوون.
سورەتی فەتح؛ پێشوازیی تاران لە هاوەڵەتیی بەغداد
لە ڕێوڕەسمەکەدا بۆ شاندی عێراق، ئایەتی 29ـەمینی سورەتی فەتح خوێنرایەوە کە باس لەوە دەکات هاوەڵان توندن بۆ بێباوەڕان و لەنێو خۆشیاندا میهرەبانن، ئەوانە پاداشتێکی گەورەیان هەیە.
سورەتی فەجر؛ بەڵێنی دڵنیایی بە شاندەکەی نێچیرڤان بارزانی
ئامادەکاری پێشوازی لەبارەی شاندی هەرێمەوە بەم شێوەیە بوو کە هاوكات بۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئایەتی 27ـی سورەتی فەجر خوێنرایەوە کە باس لەوانە دەکات دڵنیان لەو بەڵێنەی خودا پێیداون.
سورەتی نەسر؛ پەیامی سەرکەوتن لە کاتی پێشوازیکردن لە بافڵ جەلال تاڵەبانی
لە کاتی هاتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری، سورەتی نەسر خوێنرایەوە کە باس لە سەرکەوتن، ڕزگارکردن و سوپاسگوزاریی خودا دەکات.
سورەتی بەقەرە؛ بانگەوازی ئارامگری بۆ لایەنەکانی دیکەی کوردستان
لە کاتی هاتنی شاندێک لە نوێنەری بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتییەک، ئایەتەکانی 153 و 154ـی سورەتی بەقەرەیان بۆ خوێنرایەوە کە داوای ئارامگری و دۆخی شەهیدان دەکات.
هاوپەیمانە دێرینەکان؛ مزگێنیی سەرکەوتنی حیزبوڵا لە تارانەوە
لەکاتی هاتنی شاندی حیزبوڵا 139ـەمین ئایەتی سورەتی ئالی عیمران و هەروەها ئایەتی 56ـی سورەتی مائیدە خوێنرایەوە، کە لە کۆتاییەکەیدا هاتووە، بێگومان حیزبوڵا سەرکەوتووە.
پەیامی وەفاداری بۆ غەززە و بەڵێن بەردەوامیی سەرکردەکانی حەماس
لە کاتی هاتنی شاندی حەماسیش 23ـەمین ئایەتی سورەتی ئەحزاب خوێنرایەوە، کە تایبەتە بە بەڵێن بردنەسەر، وەک پەیامێک بۆ کوژرانی سەرکردەکانی حەماس و بەسەربردنی بەڵێنەکان لەلایەن سەرکردەکانیان.
دووبارەبوونەوەی پەیامی بەغداد بۆ هاوەڵانی یەمەنی
لە ڕێوڕەسمەکەدا بۆ شاندی یەمەن کە پشتیوانی گەورەی ئێران بوون لە جەنگەکەدا، بە هەمان شێوەی عێراق ئایەتی 29ـەمینی سورەتی فەتحیان بۆ خوێنرایەوە کە باس لەوە دەکات هاوەڵان توندن بۆ بێباوەڕان و لەنێو خۆشیاندا میهرەبانن، ئەوانە پاداشتێکی گەورەیان هەیە.
ڕەخنەی ناڕاستەوخۆی تاران لە بێدەنگیی ئەنقەرە
داڕێژەرانی ڕێوڕەسمەکە لەبارەی شاندەکەی ئەنقەرەوە ڕایانگەیاند، بۆ شاندەکەی تورکیا کە جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار سەرۆکی بوو، ئایەتی 95ـەمینی سوورەتی نیسا خوێنرایەوە، کە خودا فەزڵی موجاهیدەکان دەدات بەسەر ئەوانەی لە کاتی تێکۆشاندا بە چەند بیانوویەک لە ماڵەوە مانەوە و نەچوونە جیهاد. میدیای تورکیا خوێندنەوەی ئەو ئایەتە وەک ڕەخنەی تاران لە بێدەنگیی ئەنقەرە لە جەنگەکەدا ناو دەبات.
بانگەوازی گەڕانەوە بۆ ڕێگەی ڕاست بۆ شاندی قەتەر و ئەفغانستان
بۆ شاندی قەتەریش دووەمین ئایەتی سورەتی فەتح خوێنرایەوە، کە باس لەوە دەکات، خودا لە تاوانەکانی ڕابردوو و داهاتووت خۆشدەبێت و دەتخاتە سەر ڕێگەی ڕاست، وەک ئەوەی تاران بە دەوحە بڵێت، ئێوە تاوانتان کرد و بێنە سەر ڕێگەی ڕاست. بۆ شاندی ئەفغانستانیش کە دۆستی نزیکی قەتەرن، هەمان ئایەت خوێنرایەوە.
هۆشدارییەکی توند و بێپەردە ئاڕاستەی ڕیاز دەکرێت
لە کاتی هاتنی شاندی سعودیەش پەیامی ڕەخنەیی زۆر توند درا و 13ـەمین ئایەتی ئالی عیمران خوێنرایەوە، کە بە توندترینیان دادەنرێت، چونکە ئایەتەکە باس لە جیاوازیی نێوان کۆمەڵی بێباوەڕان و ئەوانە دەکات لەسەر ڕێگەی خودان و کۆمەڵی ژمارە کەمی مسوڵمانان بەسەر زۆرینەی بێباوەڕاندا سەردەخات.
پاداشتی ناوبژیوانی؛ پەیامی ئاشتی بۆ ئیسلام ئاباد
پاکستان لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و تاراندا ڕایگەیاند کە ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران هەبوو، لە کاتی هاتنی شاندەکەیان لە ڕێگەی ئایەتی 200ـی سوورەتی ئالی عیمران، پەیامی دۆستایەتی، ئارامگرتن و پێکەوەبوونی پێدرا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا