عەممار حەکیم پشتیوانى خۆى بۆ چاکسازییەکانى حکومەت دووپاتدەکاتەوە
عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، پشتیوانیی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دووپات دەکاتەوە و داوا دەکات کار لەسەر دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی بکرێت و سەرقاڵ نەبن بە دۆسیە لاوەکییەکان.
کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا
حەکیم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارانی ڕەوتەکەی، پشتیوانیی بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت دووپات کردووەتەوە و ستایشی هەموو ئەو هەوڵانەشی کردووە کە بوونەتە مایەی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
پرۆسەی ڕاستەقینە و دەستووری
عەممار حەکیم لەبارەی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ڕایگەیاندووە، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، پرۆسەیەکی ڕاستەقینە و دەستووری و یاسایی پتەوە و مایەی سازش لەسەر کردن نییە.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی
هەروەها حەکیم، پشتیوانیی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ ڕێڕەوی چاکسازی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، بە پێویستیشی زانیوە سەرنج بخرێتە سەر دۆسیە گەورەکان و ڕانەکێشرێن بۆ دۆسیە لاوەکییەکان کە هەوڵەکان بەهەدەر دەدات و دەرفەت دەداتە گەندەڵکاران لە لێپرسینەوە دەربازیان بێت. عەممار حەکیم داواشیکرد، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی داهاتوو بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا