هەڵمەتەکەی زەیدی دژی گەندەڵی پشتیوانییەکی بەربڵاوی لێدەکرێت

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت دۆسییە گەورەکانی گەندەڵی هەڵداتەوە
داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت دۆسییە گەورەکانی گەندەڵی هەڵداتەوە

هەڵمەتەکەی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پشتیوانییەکی زۆری سیاسی و جەماوەری بەدەستهێناوە و داوا لە زەیدی دەکرێت دۆسییە گەورەکانی گەندەڵی بکاتەوە.

گورزی غافڵگیرانەی سەرۆکوەزیران لە تۆمەتباران

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی 28ـی حوزەیران هەڵمەتێکی غافڵگیرانەی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تێوەگلاوان لە گەندەڵی ئەنجامدا و دەستبەسەر سامانەکانیاندا گیرا.

پێداگری لەسەر ڕاوەدونانی گەندەڵکاران

زەیدی لەبارەی ڕاوەدوونانی گەندەڵکارانەوە دووپاتیکردووەتەوە، حکومەتەکەی بە ئیرادەیەکی نەگۆڕەوە بەردەوامە لە ڕاوەدونانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی مافەکانی دەوڵەت.

ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان و ڕەتکردنەوەی پاشەکشە

سەرۆکوەزیران لەبارەی بەردەوامیی ڕێبازی حکومەتەکەیەوە ڕاشیگەیاندووە، هەرچەند ئاستەنگی و فشارەکان گەورە بن لەم ڕێبازە پاشەکشە ناکات.

سەدر دێتە سەر هێڵ و شەقام دەجووڵێنێت

شەقام و هێزە سیاسییەکان پێشوازی لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەکەن، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ڕۆژی هەینی گردبوونەوەیەکی پشتیوانیی بۆ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی ئەنجامدا، هاوکات لەماوەی هەفتەیەکدا دوو پەیامی پشتیوانیی بۆ زەیدی بڵاوکردووەتەوە.

نیگەرانیی گەندەڵکاران لە هەنگاوەکانی حکومەت

سەدر لەبارەی کاردانەوەی گەندەڵکارانەوە ڕایگەیاندووە، هەڵمەتەکانی سەرۆکوەزیران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زۆرێک لە گەندەڵکارانی بێزارکردووە.

هۆشداریی حەکیم لە پەرشکردنی هەوڵەکانی چاکسازی

هەروەها عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، پشتیوانیی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکومەت دووپاتکردەوە و داوایکرد، سەرنج بخرێتە سەر دۆسییە گەورەکان و ڕانەکێشرێن بۆ دۆسییە لاوەکییەکان کە هەوڵەکان بەهەدەر دەدات و دەرفەت دەداتە گەندەڵکاران لە لێپرسینەوە دەربازیان بێت.

درز لە پشتیوانیی شیعەکان؛ نیگەرانیی چوارچێوەی هەماهەنگی

هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیران، پشتیوانیی هێزە کوردستانییەکان و پێکهاتەی سوننەی بەدەستهێناوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بۆ عەلی زەیدی لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، بەڵام هەندێک هێز لە شێوازی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نیگەرانن.

عەسائیب داوای پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی دەکات

محەممەد بەلداوی، سەرکردە لە عەسائیبی ئەهلی حەق، لەبارەی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاندووە: "شێوازی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زیادەڕۆیی تێدایە و هەڵەی تێدەکەوێت، بۆیە پێویستە هاوسەنگیی سیاسی لە وڵاتدا بپارێزێت".

ستراتیژی وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی ناڕەوا

بەلداوی لەبارەی کورتنەکردنەوەی هەڵمەتەکە لە دەستگیرکردندا دەڵێت، نابێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا لە دەستگیرکردنی کەسەکاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕێگری لە دزینی ماڵی گشتی بکرێت.

ملیۆنان دۆلار و دەیان بەرپرس لە بەندینخانەکاندادان

بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق لەسەر گەندەڵی دەستگیرکراون و دەستیش گیراوە بەسەر زیاتر لە 200 ملیار دینار و زیاتر لە 85 ملیۆن دۆلار و بڕێکی زۆری زێڕ و دەیان موڵک و ماڵدا.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا