ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پرسی داهاتی نانەوتی تاوتوێ نەکرا
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی کرد، چاوەڕێدەکرا بڕیار لەسەر بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام پەیامنێری کەناڵ8 زانیاریی دەستکەوتووە کە باسی ئەو بابەتە نەکراوە لە کۆبوونەوەکەدا.
پرسی داهاتی نانەوتی و مووچە تاوتوێ نەکراون
پەیامنێری کەناڵ8 لە زاری سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، لە هیچ کام لەو تەوەرانەی ئەمڕۆ باسکراون، پرسی داهاتی نانەوتی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ نەکراون.
نەبوونی دۆسیەی دارایی لە کارنامەی فەرمیدا
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە نەویست ناوی بهێنرێت، بە کەناڵ8ـی گوت: "پرسی داهاتی نانەوتیی عێراق لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، واتە لەم کۆبوونەوەیەی ئەمشەو کرا، بەڵام لەلایەن فالح سارۆ، وەزیری دارایی عێراق باس دەکرێت و عەلی زەیدی بڕیاری لەسەر دەدات".
تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران
ئەو بەرپرسە لەبارەی تەمویلکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانەوە گوتیشی: "دوای بڕیاردان لەسەر داهاتی نانەوتی، ئایا 120 ملیار دینارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە یان کەمدەکرێتەوە، ئەوکات لەسەر ئەو بنەمایە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران ڕەوانە دەکرێت".
ئامادەکاریی هەرێم بۆ ڕادەستکردنی داهاتەکان
بەگوێرەی زانیاریی پشتڕاستکراوە بۆ کەناڵ8، ئەگەر بەغداد لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە داوای داهاتی نانەوتی بکات، دەتوانن سبەی یەکشەممە بە کاش پارە بخەینە سەر هەژماری دارایی عێراق".
ئامارەکانی مانگی ئایار و بڕینی پشکی دارایی هەرێم
مانگی ئایار هەرێمی کوردستان 50 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی نارد و بەغدادیش 70 ملیاری لە تەمویلی مووچە بڕی و 890 ملیاری نارد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا