چوارچێوەی هەماهەنگی: شێوازی دەستگیرکردنی بەرپرسەکان "زیادەڕۆیی" تێدایە
لایەنەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى مەرجى نوێ بۆ هەڵمەتى ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى دادەنێن و هۆشداریى دەدەنە سەرۆکوەزیران لە بەکارهێنانى هێزى سەربازى و چەکى قورس لە کاتى دەستگیرکردنى بەرپرسان.
ستراتیژى وشککردنى سەرچاوەکانى گەندەڵى
لایەنە سەرەکییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى ڕایدەگەیەنن کە نابێت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا لە دەستگیرکردنی کەسەکاندا کورت بکرێتەوە. پێیان وایە پێویستە ئەم هەنگاوە هاوشان بێت لەگەڵ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵى، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕێگریى بنەڕەتی لە دووبارەبوونەوەی دزینی ماڵی گشتی و سامانی وڵات بکرێت.
هۆشداریى لە بەکارهێنانى چەکى قورس و دەبابە
بە گوێرەى زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە دەست کەناڵ 8 کەوتووە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەى پاڵپشتی خۆیان بۆ عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردووەتەوە، بەڵام هۆشدارییەکی توندیان داوەتێ سەبارەت بە شێوازى دەستگیرکردنەکان. چوارچێوەى هەماهەنگى دژى بەکارهێنانى چەکی قورس و دەبابەیە لەو هەڵمەتانەى کە بۆ سەر ئەو بەرپرسانە ئەنجام دەدرێن کە تۆمەتى گەندەڵییان دراوەتە پاڵ.
پاراستنى هاوسەنگیى سیاسیى وڵات
محەمەد بەلداوی، سەرکردە لە عەسائیبی ئەهلی حەق و پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سادقوون، هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا بە پیرۆز ناوبرد، بەڵام ڕەخنەى لە شێوازى جێبەجێکردنەکەى گرت. بەلداوى ئاماژەى بەوە کرد کە شێوازى جێبەجێکردنەکە زیادەڕۆیی و هەڵەى تێدایە، بۆیە داواى کرد لە کاتى ئەنجامدانى ئەم پرۆسەیەدا پێویستە هاوسەنگیی سیاسی لە عێراقدا بپارێزرێت.
05/07/2026