عەلى زەیدى: هەر هاووڵاتییەک هەواڵمان پێبدات لەسەر پارەى گەندەڵى پاداشتى دارایی دەکەین
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ئاشکراکردنی پارە دزراوەکان ڕادەگەیەنێت و بەڵێن دەدات بڕێک لەو سامانەی دەگەڕێتەوە وەک پاداشت ببەخشێتە ئەو کەسانەی هاوکاری حکومەت دەکەن.
بانگەواز بۆ هاوکاریی نیشتمانی
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگەوازێکی بۆ تەواوی هاووڵاتییان ڕاگەیاند و داوای لێکردن هەواڵ بدەن لە هەر سەروەت و سامانێکی گشتی کە لە ڕێگەی تاوانەکانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتووە. ئەم هەنگاوە لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی شەرعی، ئەخلاقی و نیشتمانییەوە وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی کارنامەی وزاری ڕاگەیەنراوە.
پاداشتی دارایی بۆ هەواڵدەران
سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، بڕێک لەو پارەیەی کە لە ڕێگەی زانیارییەکانی هاووڵاتییانەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسا دەدرێتە ئەو کەسانەی کە هەواڵیان داوە. ئەم بڕە پارەیە وەک پاداشتێک بۆ ڕۆڵی نیشتمانییان و پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دیاری کراوە.
دیاریکردنی ڕێگەی پەیوەندیکردن
بۆ مەبەستی گەیاندنی زانیارییەکان و ئاسانکاری لە پرۆسەی هەواڵدان، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە بەمزووانە لینکێکی تایبەت بۆ پەیوەندیکردن ڕادەگەیەنرێت تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن زانیارییەکان دەربارەی گەندەڵکاران و سامانە دزراوەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرن.
05/07/2026