پۆلیسی هەولێر: خورشید هەرکی و برایەکی دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و هاونیشتمانییان

کەناڵ8 05/07/2026
خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی
خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی هەرکی

بە پێی ڕاگەیێنراوی پۆلیسی هەولێر پاش زنجیرەیەک تاوان و ڕێگریکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی خورشید هەرکى، کەسایەتى دیارى عەشیرەتى هەرکى لە قەزای خەبات ڕاگەیاند.

دەستگیرکردنی داواکراوەکان لەسەر فەرمانی دادگا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕێکەوتی 05/07/2026، هەردوو تاوانبار خورشید لەتیف (خورشید هەرکی) و حەیدەر لەتیف (حەیدەر هەرکی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران. پڕۆسەی دەستگیرکردنی ئەم دوو برایە لەسەر فەرمانی فەرمیی دادگا بووە، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین هاووڵاتی سکاڵای یاساییان لە دژیان تۆمار کردووە.

تۆمەتەکان و تێکدانی ئاسایشی گشتی

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دوو کەسە هۆکاری ئاژاوەگێڕی و نانەوەی کێشە بوون لە ناوچەکەدا. تۆمەتبار کراون بە دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، هەروەها هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتبارن بە سوتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

شەهیدکردنی پێشمەرگە و تێکدانی ژێرخانی ئابووری

بەپێی بەیاننامە فەرمییەکەی پۆلیس، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی بوونەتە هۆی شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک. لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم دوو کەسە ڕێگرییان لە پڕۆژەکانی حکومەت کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە، کە ئەمەش زیانی گەورەی بە بەرژەوەندییە گشتییەکان گەیاندووە.

سەروەریی یاسا و دادگاییکردنی تۆمەتباران

پۆلیسی هەولێر جەختی کردەوە، یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکەوەیە و ڕێگا بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامیی وڵات تێکبدات. بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا هەردوو دەستگیرکراوەکە لەسەر ئەو تاوانانەی دراوەتە پاڵیان، ڕادەستی دادگا بکرێن و بەپێی یاسا دادگایی بکرێن. پۆلیس دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە پاراستنی سەر و ماڵیان ئەرکی لەپێشینەی ئەوانە..

خورشید هەرکى کێیە؟

خورشید هەرکی کەسایەتییەکی دیارى هۆزى هەرکییە، لە مانگى تەمموزى ساڵی 2025 بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زار لەگەڵ هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان تووشى پێکدادانى چەکدارى بوو، لە هەردوولا دوو کەس کوژران و پێنجى دیکە برینداربوون، پاشان بەنێوەندگیرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەوکات وا بڵاوکرایەوە کە کێشەکە چارەسەر بووە.

کەناڵ8

05/07/2026