تەندروستیی سلێمانی: نەشتەرگەرییەكی دەگمەنی گیرانی دەنگ بە سەركەوتوویی لە شاری سلێمانی ئەنجام درا
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: لە كارێكی پزیشكیی سەركەوتوودا، تیمە پزیشكییەكانی سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێ توانییان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەكی تایبەت و ورد كۆتایی بە نەهامەتی پێنج ساڵەی چارەخوازێک بهێنن و توانای قسەكردن و دەنگی سروشتی بۆ چارەخوازەکە بگەڕێننەوە، كە بەدەست ئیفلیجیی دەنگەژێیەكانیەوە دەیناڵاند.
چیرۆكی چارەخوازەکە
چارەخوازەکە تەمەنی 47 ساڵ بووە، پێنج ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەری ڕژێنی دەرەقی بۆ كرابوو، بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو نەشتەرگەرییە تووشی ئیفلیجی دەنگەژێی چەپی بووبوو، بووبووەهۆی ئەوەی دەنگی بە تەواوی گڕ ببێت، لە كاتی قسەكردنی زۆردا زوو هیلاك بێت و تووشی هەناسەتووندی ببێت، بەهۆی ئەم دۆخە مەترسیدارەی چارەخوازەکە پزیشكان بڕیاریاندا پرۆسەی چارەسەركردنی بۆ دەستپێبكەن.
پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە
بە ئەنجامدانی بێهۆشکاری ناوچەیی و بەبێ بێهۆشكاری گشتی لەناو سەنتەری قوڕگ و لووت و گوێ لە شاری سلێمانی نەشتەرگەرییەکە لەڕێگەی ملەوە ئەنجام درا.
لەم تەكنیكە پزیشكییەدا، تیمەكە توانییان ئەو دەنگەژێیەی تووشی ئیفلیجی بووبوو و كاری نەدەکرد، نزیك بكەنەوە لە دەنگەژێیە تەندروستەکەی تەنیشتی، تاوەكو توانای لەرینەوە و دروستكردنی دەنگ بۆ چارەخوازەکە بگەڕێننەوە، ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە شێوەیەكی گشتی بۆ ئەو كەسانە ئەنجام دەدرێت كە بەهۆی گرێ و نەشتەرگەریی پێشوو یان هەر حاڵەتێكی دیکەوە تووشی لاوازی و ئیفلیجیی لایەكی دەنگەژێیەكانیان دەبن.
سەركەوتنی نەشتەرگەرییەکە و گەڕانەوەی دەنگی چارەخوازەکە
نەشتەرگەرییەكە بە سەركەوتوویی لەلایەن پزیشكانی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ: د.هاوبیر عادل و د.شكار نەوزاد، بەهاوبەشی پزیشكانی بێهۆشكاری و كارمەندانی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدرا، ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەكە، نیشانە ئەرێنییەكان دەركەوتن و دەنگی گڕی چارەخوازەکە بە تەواوی گۆڕا و توانای قسەكردنی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد.
6 کاتژمێر پێش ئێستا