دۆناڵد ترەمپ: دەمانتوانی هەموو سەرکردەکانی ئێران لەکاتی پرسەکەدا بکوژین بەڵام کەس نەدەما دانوستانی لەگەڵ بکەین

کەناڵ8 6 کاتژمێر پێش ئێستا
ترەمپ دەڵێت، دەیانتوانی هەموو سەرکردەکانی ئێران لەکاتی پرسەکەی عەلی خامنەی دا بکوژن، بەڵام کەس نەدەما دانوستانیان لەگەڵ بکردایە
ترەمپ دەڵێت، دەیانتوانی هەموو سەرکردەکانی ئێران لەکاتی پرسەکەی عەلی خامنەی دا بکوژن، بەڵام کەس نەدەما دانوستانیان لەگەڵ بکردایە

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە لە نزیکەوە چاودێری ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی ڕێبەری کۆچکردووی ئێران دەکات و باس لە هەبوونی لێکتێگەیشتنێکی کاتی دەکات بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دانوستانەکان بۆ ماوەی 1 هەفتە.

چاودێریکردنی ڕێوڕەسمەکە و دۆخی ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەکسیۆس" ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەکات. ترەمپ جەختی کردەوە کە ڕژێمی ئێران لە ئێستادا بێهیوا بووە لە کۆتاییهێنان بەم جەنگە و وتی: "ئەوان دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن."

مۆڵەتی 1 هەفتە و ڕاگرتنی شەڕ

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن و تاران بە شێوەیەکی دوولایەنە ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی دانوستانەکان بۆ ماوەی 1 هەفتە، تاوەکو ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی کۆتایی دێت. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لەژێر ڕۆشنایی ئەم لێکتێگەیشتنە کاتییەدا، شەڕ لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە تەواوی ڕاگیراوە و وتی: "لەو ماوەیەدا، هیچ لایەک هێرش ناکاتە سەر لایەکەی دیکە."

توانای سەربازی و ستراتیژی دانوستان

لە چاوپێکەوتنەکەدا ترەمپ باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکای هێنایەوە بەرباس و ئاماژەی بە کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی ئێران لە پرسەکەدا کرد. ترەمپ وتی: "هەموویان لەوێن، بە یەک هێرش دەتوانین هەموویان لەناو ببەین، بەڵام ئێمە ئەوە ناکەین، چونکە ئەگەر ئەوە بکەین، کەسمان نامێنێت دانوستانی لەگەڵ بکەین."

کاردانەوە بەرامبەر گریانی خەڵک

سەرۆکی ئەمریکا گومانی لەسەر ئەو جەماوەرە دەربڕی کە بۆ پرسەی ڕێبەری پێشووی ئێران کۆببوونەوە و وتی: "سەرسام بووم بینیم ئێرانییەکان بۆ خامنەیی گریان، من وامزانی ڕقیان لێیەتی." ترەمپ پرسیاری لەسەر ڕاستگۆیی ئەو گریان و شیوەنە کرد کە خەڵکەکە دەیکەن و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە "فرمێسکی ساختە" بن.

کۆبوونەوە لەگەڵ نەتانیاهوو

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەگەری هەیە پاش گەڕانەوەی لە لوتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرە ئەنجام بدرێت.

کەناڵ8

6 کاتژمێر پێش ئێستا