وەزیری بازرگانی عێراق: بە ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆن ئاگادارم بکەنەوە لە هەر حاڵەتێکی گەندەڵی لەناو وەزارەتەکەم
وەزارەتی بازرگانی عێراق سیستمێکی نوێی سکاڵا ڕادەگەیەنێت و وەزیرەکەش بەڵێن دەدات بە شێوەیەکی نهێنی و ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو زانیارییانە بکات کە لەبارەی گەندەڵییەوە پێیان دەگات.
کردنەوەی کەناڵە فەرمییەکانی سکاڵا
نزار ئەلعانی، وەزیری بازرگانی عێراق، فەرمانیکرد بە کردنەوەی چەند کەناڵێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی پەیوەست بە گەندەڵی لە ناو دامەزراوەکانی وەزارەتەکەیدا. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە بۆ پتەوکردنی دەستپاکی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی پارەی گشتی. وەزیری بازرگانی ڕایگەیاندووە کە خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم پرسە دەکات.
داواکاری لە فەرمانبەران و هاووڵاتییان
وەزیری بازرگانی داوای لە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی کردووە بەشداربن لە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا. داواکراوە هەر کەسێک بەڵگەی لەسەر حاڵەتێکی گەندەڵی یاخود بەهەدەردانی داهاتی گشتی هەیە، لە ڕێگەی نامە، ئیمەیڵ یاخود پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بۆ ئەو ژمارە و ناونیشانانەی تەرخانکراون، وەزارەت ئاگادار بکەنەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەی پێویست دەستپێبکات.
پاراستنی نهێنی و ڕێکارە یاساییەکان
ئەو ژمارە تەلەفۆن و ئیمەیڵانەی کە دیاریکراون لە لایەن نووسینگەی تایبەتی وەزیری بازرگانییەوە سەرپەرشتی دەکرێن. وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە کە زانیارییەکان بە تەواوی بە نهێنی دەمێننەوە و دەستبەجێ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، دۆسیەکان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون.
پاداشتی دارایی بۆ هەواڵدەرانی گەندەڵی
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بازرگانی هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو هەر هاووڵاتییەک زانیاری لەسەر پارە و سامانی گەندەڵی بدات، بڕێک لەو پارەیەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت وەک پاداشت پێی دەدرێت. عەلی زەیدی داوای لە هەمووان کردووە هاوکار بن لە گەڕاندنەوەی سامانی گشتی، کە ئەمەش وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، ئەخلاقی و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لە قەڵەم دراوە.
5 کاتژمێر پێش ئێستا