سێ لە کوڕەکانى عەلى خامنەیى ماڵئاواییان لە تەرمى باوکیان کرد؛ سەدان هەزار کەسیش نوێژیان لەسەر تەرمەکەی کرد

سامیا حەسەن 5 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی نوێژ لەسەر تەرمی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. فۆتۆ: AFP
دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی نوێژ لەسەر تەرمی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران. فۆتۆ: AFP

بە ئامادەبوونی سێ لە کوڕەکانی عەلی خامنەیی و سەدان هەزار کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران و چوار لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران کرا.

ئامادەبوونی سێ لە کوڕەکانی خامنەیی لە ڕێوڕەسمی نوێژی مردوودا

هەریەکە لە کوڕەکانی خامنەیی "مستەفا، مەیسەم و مەسعود" لەگەڵ مەسعود پزیشکیان و بەرپرسانی سیاسی، ئایینی و سەربازیی ئێران و وڵاتانی میواندار، ئامادەی ڕێوڕەسمی نوێژی مردوو لەسەر تەرمی خامنەیی بوون.

ئەندامە کوژاروەکانی خێزانی خامنەیی

هاوکات نوێژی مردوو لەسەر تەرمی هەریەکە لە بوشرا خامنەیی کچی، زەهرا محەممەدی گوڵپایگیانی نەوەی و زەهرا حەداد عادل بووکی، کە دەکاتە هاوسەری موجتەبا خامنەیی، هەروەها میسباحولهودا باقری کەنی زاوای کرا، کە هەموویان لە هەمان ئەو شوێنە بوون کە خامنەیی تێدا کوژرا.

خشتەی گواستنەوەی تەرمەکان بۆ شارەکانی ئێران و عێراق

بەگوێرەی بەرنامەی ڕێوڕەسمەکەش، ئەمڕۆ لە موسەڵای تاران ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکە بەردەوام دەبێت و سبەی ماڵئاوایی لێ دەکرێت، ڕۆژی 7ی مانگ دەبرێتە قوم و ڕۆژی دواتریش دەبرێتە عێراق بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا.

کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران

ڕۆژی 9ی مانگیش لە مەشهەد ماڵئاوایی لە تەرمەکەی دەکرێت و دواتر هەر لەو شارە لە مەزاری ئیمام ڕەزا بەخاک دەسپێردرێت.

وردەکاریی کوژرانی خامنەیی لە تاران

عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران 28ی شوباتی ئەمساڵ لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە تاران لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون، کە یەکێک لە بریندارەکان "موجتەبای" کوڕی بووە کە ڕێبەری ئێستای ئێرانە.

ئەندامانی کوژراوی بنەماڵەی خامنەیی:

  • بوشرا خامنەیی – کچی
  • زەهرا محەممەدی گوڵپایگیانی – نەوەی
  • زەهرا حەداد عادل – بووکی
  • میسباحولهودا باقری کەنی - زاوای

کورتەیەک لە ژیانی عەلی خامنەیی:

  • 1939 لە مەشهەد لەدایکبووە.
  • لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی خومەینی بوو.
  • 1981 - 1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو.
  • ساڵی 1989 بوو بە دووەم ڕێبەری ئێران.
  • فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوو.
  • 28ی شوباتی 2026 لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تاران کوژرا.
سامیا حەسەن

5 کاتژمێر پێش ئێستا