توێژینەوەیەکی نوێ: میلاتۆنین ئازاری درێژخایەن کەم دەکاتەوە
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، کە میلاتۆنین دەتوانێت هاوشێوەی ئازارشکێنە بێڕەچەتەکان ئازاری درێژخایەنی ئێسک و ماسولکەکان کەم بکاتەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیاوە کراوە، تیایدا دەرکەوتووە کە میلاتۆنین(تەواوکەری خۆراکیی هۆرمۆنی میلاتۆنین)، تایبەتمەندیی دژەهەوکردن و دژەئۆکسێنی هەیە، ئەمەش ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی ئازار.
هاوکات، بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆش ئازار کەمدەکاتەوە، بە جۆرێک خەوی چارەخوازەکە باشتر دەکات و هەست بە باشبوونەوە دەکات.
ئەم کاریگەرییەی میلاتۆنین لە کەمکردنەوەی ئازاری پاش نەشتەرگەری و ئازارە کورتخایەن و توندەکاندا دەرنەکەوتووە، بەڵکو تەنیا ئەو کەسانە سوودیان لێبینیوە کە ئازاری درێژخایەنیان هەیە، ئەمەش دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئازاری درێژخایەن زیاتر بەهۆی خراپیی خەو، هەوکردن و هەستیاریی زۆری دەمارەکانەوەیە.
گرنگە بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی پزیشکی پسپۆڕ میلاتۆنین بۆ ئەم مەبەستە بەکارنەهێنرێت، بەتایبەتیش ئەگەر کەسێک خۆی کێشەی خەوی نەبێت، هەروەها ئەگەر کەسەکە دەرمانی دیکە بەکاربهێنێت، نابێت لەخۆیەوە میلاتۆنین وەربگرێت، چونکە لەوانەیە هەندێک کارلێکی نەخوازراو لەگەڵ دەرمانی دیکەدا دروست بکات.
4 کاتژمێر پێش ئێستا