ڕەنگە ڕەنگاوڕەنگەکان ژەهرن! وردەکاریی زیانە ترسناکەکانی یارییە ئاگرینەکان بۆ هەوا و خاک
ساڵانە بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکاوە، هەزاران یاری ئاگرین ئاسمانی ئەو وڵاتە ڕووناک دەکەنەوە، بەڵام ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشانە زیانی گەورەی ژینگەیی، مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و تێکدانی ژیانی ئاژەڵانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.
هەوڵ بۆ تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی لە واشنتن
بۆ ئەمساڵ پلان دانرابوو 850,000 یاری ئاگرین بۆ ماوەی 40 خولەک لە 10 شوێنی جیاوازی واشنتنەوە هەڵبدرێن بە مەبەستی تۆمارکردنی ڕیکۆردێکی نوێ لە کتێبی گینستدا. ئەم هەوڵە بۆ شکاندنی ڕیکۆردی ساڵی 2016ـی فلیپین بوو کە تێیدا 810,904 یاری ئاگرین هەڵدرابوون، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا و هەڵکردنی زریان لە هەندێک ناوچە، ئاهەنگەکان هەڵوەشانەوە و هێشتا ڕوون نییە کە ئایا ڕیکۆردەکە تۆمارکراوە یاخود نا.
پیسبوونی هەوا و مەترسییە تەندروستییەکان
تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان بڕێکی زۆر دوکەڵ و ماددەی ورد دروست دەکات کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوادا دەمێننەوە و زیان بە سییەکانی مرۆڤ و زیندەوەران دەگەیەنن. ئەو ڕەنگانەی لە ئاسماندا دەبینرێن، لە ئەنجامی سوتاندنی کانزاکانی وەک باریۆم، ستڕۆنتیۆم و مس دروست دەبن کە هەموویان ماددەی ژەهراوین. جگە لەوەش، ئەم یارییانە گازەکانی دووەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین دەردەدەن کە هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا.
زیانەکانی یارییە ئاگرینەکان بۆ خاک و ئاو
پاشماوەکانی یارییە ئاگرینەکان ماددەی کیمیایی وەک "پرکلۆرەیت"یان تێدایە، کاتێک دەکەونە سەر زەوی و دەچنە ناو چەم و ڕووبارەکان، سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکەن و زیان بە سستەمی ژینگەیی دەگەیەنن. هەروەها پاشماوە پلاستیکی و کاغەزییەکانی ئەم مووشەکانە دەبنە هۆی زیادبوونی پاشماوەی پلاستیکی لە ژینگەی وشکانی و ئاویدا.
مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی پردی برۆکلین
یارییە ئاگرینەکان مەترسییەکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە دروست دەکەن، بەتایبەت لە ناوچە وشکەکان و نزیک دارستانەکان. ئەم مەترسییە تەنیا بۆ ناوچە سروشتییەکان نییە، بەڵکو ناو شارەکانیش دەگرێتەوە؛ شەوی ڕابردوو لە شاری نیویۆرک، پردی "برۆکلین" بەهۆی هەڵدانی یارییە ئاگرینەکانەوە گڕی گرت و پاش ماوەیەک لە لایەن تیمەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.
کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ئاژەڵان و باڵندەکان
دەنگی تەقینەوە بەرزەکان دەبێتە هۆی شۆک و ترس بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک سەگ و پشیلە. لە لایەکی دیکەوە، ئاژەڵە کێوییەکان بەهۆی دەنگ و پریشکی ئاگرەکەوە تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و شوێنی مانەوەیان ون دەکەن. لە زۆر حاڵەتدا بەکارهێنانی زۆری یارییە ئاگرینەکان دەبێتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی باڵندەکان یان مرداربوونەوەیان.
4 کاتژمێر پێش ئێستا