لە یادی سەربەخۆیی ئەمریکا ترەمپ وتارێکی پێشکەش کرد؛ "هێرشی توندی کردە سەر نەیارەکانی و کۆمۆنیزم"
سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا، کە شەپۆلێکی گەرما و زریان ڕوویان لە واشنتن و ناوچەکانی دەوروبەری کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا جەختی کردەوە، ئەمریکییەکان ئازاترین و باشترینی جیهانن، هەروەها گوتی: "ئێمە لە ئازایەتی و ئاگر و گۆشت و خوێنی باشترینەکان دروست کراوین".
پێگەی ئازادی و دادپەروەری لە ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پاراستنی ئازادی و بنەماکانی یاساوە گوتی: "بەپێچەوانەی زۆر شوێنی دیکەی ئەم جیهانە، لە وڵاتی ئێمە ئازادیی قسەکردن، ئازادیی ئایین، دادپەروەری و یەکسانیمان هەیە لەژێر دەسەڵاتی یاسادا".
هەڵوێستی توند بەرامبەر بە کۆمۆنیزم
ترەمپ لە وتارەکەیدا هێرشی کردە سەر ئەوانەی بە کۆمۆنیستەکان ناوی بردن و گوتی، کۆمۆنیزم پێچەوانەی ئەمریکایە و لەم وڵاتەدا جێگەی نابێتەوە، جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان بەر لە سەرهەڵدانی، وەکو گرێی شێرپەنجە کۆمۆنیزم دەبڕنەوە.
ڕەخنەکان لەسەر پەیامە سیاسییەکانی ترەمپ
پێچەوانەی سەرکردەکانی پێشوو، کە لە وتاری سەربەخۆیدا پەیامی نیشتمانپەروەرانە و یەکگرتنی کۆمەڵگەی ئەمریکی بڵاو دەکەنەوە، ترەمپ تۆمەتبار کرا بەوەی کە پەیامی حیزبایەتیی خستە پێش پەیامی یەکگرتنەوە و هێرشی کردە سەر نەیارەکانی کە بە "کۆمۆنیستەکان" ناویاندەبات، جارێکی دیکەش باسی لە یاسای "پاراستنی ئەمریکا" کردەوە، کە پڕۆژەیاسایەکی بانگەشەی هەڵبژاردنە و تەنانەت لەلایەن هاوڕێ کۆمارییەکانی ترەمپ خۆشییەوە لە کۆنگرێسدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا