ئەحمەدی موقەدەم: ئەمریکا دەیویست ئێران وەک عێراق لێبکات؛ " لە خۆپیشاندان و جەنگیشدا خەڵکی کوردستان لەگەڵمان بوون"
سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لەبارەی پلانەکانی ئەمریکا دژی تاران ڕایگەیاند، "ئەمریکا دەیویست ئێران وەک عێراق لێبکات" و لەبارەی پڕچەککردنی نەیارەکانیشیانەوە ڕایگەیاند، پلانی پڕچەککردنی هێزە دژبەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە شکستی هێنا.
کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی تاران
ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم، سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە تاران کە پەیامنێری کەناڵ8 ئامادەبوو لەبارەی ئامانجی بنەڕەتیی واشنتنەوە ڕایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەناوبردنی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی وزە و نەوتەکەی بوو".
هەوڵەکان بۆ ئیفلیجکردنی کەرتی وزە
سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پەکخستنی ژێرخانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیویست ئێران وەک عێراق لێبکات و لە بواری خۆبژێویی وزە و گاز و کارەبا و بەنزین ئیفلیجی بکات. لەبارەی لەشکرکێشییەکانی دوژمنانیشەوە ڕایگەیاند، دوژمنەکانیان لە جەنگ سەرکەوتوو نەبوون دەیانەوێت لە ڕێگەی لەشکرکێشیی سەربازیی بۆ ناوچەکە دەست بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا بگرن.
دۆسیەی پڕچەککردنی هێزە دژبەرەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران، باسی لە پلانی ئەمریکا بۆ پڕچەککردنی هێزە دژبەرەکانی ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەو هێزانە نەیانتوانی هیچ کارێک دژی ئێران بکەن.
هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا
سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوێستی دانیشتووانەکەی ڕایگەیاند، "خەڵکی کوردستان هەرگیز پلانیان دژ بە ئێران نەبووە و هیچ ڕووداوێکی ئەمنیی بچووکیش لە ناوچە کوردستانییەکان لە کاتی خۆپێشاندانەکان و جەنگیشدا تۆمار نەکراوە".
وردەکاریی زیاتر لەسەر لێدوانەکەی ترەمپ
ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم، سەرۆکی زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی ئێران لەبارەی هەوڵەکانی پارچەپارچەکردنی ئێران و لێدوانەکانی ترەمپ ڕایگەیاند، "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانیان جیاکردنەوەی بەشەکانی ئێران بوو، لە ڕێگەی هێرشی هێزە دژبەرەکانی ئێران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی ناوچە سنوورییەکانەوە، کە ئەوە بوو ترەمپ گوتی ئێمە چەک و پارەمان داوە بەو هێزانە، بەڵام ئەوان هیچیان نەکردووە، هەڵبەت ئەوان نەیانتوانی هیچ بکەن، خەڵکی کوردستانی ئێمە نەک تەنیا لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە لە جەنگیش هەرگیز پلانێکی لەو جۆرەیان لەگەڵ گرووپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە، هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ئێران بوون لە پارێزگاری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و شۆڕش هەماهەنگ بوون، هیچ ڕووداوێکی ئەمنیی بچووکیش لە ناوچە کوردستانییەکان لەو ماوانەدا تۆمار نەکراوە".
3 کاتژمێر پێش ئێستا