دوای تێپەڕینی 9 مانگ ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە جێبەجێ نەکراوە
دۆخی ئێران سەرنجەکانی لەسەر کەرتی غەززە کەمکردووەتەوە، کە لە ئاگربەستێکی ناجێگیردایە و دوای نۆ مانگ لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێشتا پرۆسەی چەکدانانی حەماس جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش ئیسرائیلی دەستکراوە کردووە بۆ بەردەوامیدان بە هێرش و بۆردوومانەکان، لەکاتێکدا وێرانکاری و قەیرانی مرۆیی لەو کەرتە وێرانە بەردەوامە.
ئامار و قوربانیانی جەنگ
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا 73,090 کەس کوژراون، 1,060 کەسیان لە دوای ئاگربەستەوە بوون، زیاتر لە 173,000 کەسیش برینداربوون و نزیکەی 90%ـی دانیشتووانەکەی، کە دەکاتە ملیۆنێک و 900 هەزار کەس ئاوارەبوون.
مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست
لە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بە پشتبەستن بە پلانێکی دۆناڵد ترەمپ ڕاگەیێنرا، کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە شەڕ، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و چەکدانانی حەماس بوون، بەڵام دوای تێپەڕینی نۆ مانگ، هێشتا هیچکام لەو مەرجانە جێبەجێ نەکراون، هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کۆتاییان نەهاتووە و هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینەش بۆ ئاوەدانکردنەوە بەدی ناکرێت، لەکاتێکدا نزیکەی 70%ـی کەرتەکەش لە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە.
کاریگەریی وێرانکارییەکان لەسەر پاشەکشەی کەرتەکە
بەهۆی وێرانکارییەکانەوە کەرتەکە 77 ساڵ گەڕاوەتەوە دواوە، ئەگەر زۆر بەخێرایی کار بکرێت، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی جارانی.
بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک، کە بە هاوبەشی لەنێوان نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا و بانکی جیهانی ئامادەکراوە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پێویستی بە بودجەیەکی 71.4 ملیار دۆلارییە، کە لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمدا 37.1 ملیار دۆلار پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پێداویستییە بەپەلەکان.
قۆناغەکانی دیکەی بونیادنانەوەی ژێرخان
لە ماوەی سێ ساڵی سەرەتادا 20 ملیار دۆلاری دیکە پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخان، بڕەکەی دیکەش کە 14.3 ملیار دۆلارە لە ماوەی 10 ساڵدا بەکاردەهێنرێت بۆ بونیادنانەوە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
بەردەوامیی دانوستانە نهێنییەکان
سەرەڕای جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی غەززە، دانوستانەکان لە پشت پەردەوە سەبارەت بە داهاتووی ئەو کەرتە بەردەوامە کە دوایین خولی لە قاهیرە بەڕێوەچوو، حەماس و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاشتی تێیدا بەشداربوون.
نەخشەڕێگای داهاتووی غەززە و هەڕەشەکانی ئیسرائیل
دانوستانکاران کار لەسەر نەخشەڕێگایەک دەکەن بۆ دەستپێکردنی چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە هەڕەشەکانی بەردەوامە بۆ دووبارە چڕکردنەوەی هێرشەکان لەو کەرتە وێرانە.
قەبارەی پاشماوە و داروپەردووی جەنگ
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە یەکێک لە دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 61 ملیۆن تۆن پاشماوە لە کەرتەکە دروستبووە.
زیانەکانی کەرتی نیشتەجێبوون
ڕێکخراوی زیانی بەپەلە و هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی غەززە لەبارەی قەبارەی ڕووخانی خانووبەرەکانەوە ئاشکرایکردووە، 371,888 یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە یان بەتەواوی ڕووخاون یاخود زیانییان بەرکەوتووە.
دۆخی نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە هاوبەشەکان لەبارەی پەککەوتنی کەرتی تەندروستی و پەروەردەوە ڕایانگەیاندووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە زیاتر لە 50%ی نەخۆشخانەکانی ناوچەکە کارناکەن و نزیکەی هەموو قوتابخانەکان ڕووخاون یاخود زیانییان بەرکەوتووە.
پاشەکشەی ئابووری و ڕێژەی ئاوارەبوون
ئابووریی غەززە بە ڕێژەی 84% هاتووەتە دواوە، یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس ئاوارە بوون، زیاتر لە 60%ی دانیشتووانیش خانووەکانییان لە دەستداوە، هەر شەڕی غەززە بەرەوپێشچوونی لە کەرتەکە 77 ساڵ دواخستووە.
پێداویستییە داراییەکان لە 18 مانگی یەکەمدا
ڕێکخراوی زیانی بەپەلە و هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی غەززە لەبارەی بودجەی درێژخایەن و کورتخایەنی بنیاتنانەوەوە ڕایگەیاندووە، هەر لە ڕاپۆرتەکەی زیانی بەپەلە و هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی غەززە هاتووە کە 71 ملیار دۆلاری ئەمریکی پێویستە تاوەکو لە 10 ساڵی داهاتوو پرۆسەی بنیاتنانەوەی غەززە ئەنجامبدرێت، لە 18 مانگی سەرەتا 26 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی پێویستە بۆ پاڵپشتی ئابووری کەرتەکە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا