وەزارەتی دارایی سیستمی پەیڕۆڵی بۆ داخڵکردنی مووچەی مووچەخۆران کارا کرد

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە سیستمی پەیڕۆڵ لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە کارا کرا بۆ ئەوەی یەکە ژمێریارییەکان دەست بە داخڵکردنی مووچەی مووچەخۆران بکەن.

کاتی کارابوون و وردەکاریی ڕێنماییەکان

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی لەبارەی کاتی کارابوونی سیستمەکە و ڕێنماییەکانەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 11:45 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە سیستمەکە کارا کرا و ئەو بەرپرسەی بایۆمەتری لەبارەی دەستبەکاربوونی فەرمانبەرانی یەکە ژمێریارییەکانەوە گوتیشی "ئەوانەی لە دەوامی فەرمیدان یەکە ژمێرکارییەکانیان دەتوانن دەست بە داخڵکردنی ناو و بڕی مووچەی مووچەخۆران بکەن".

دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزەیران

ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حوزەیران لەلایەن بەغدادەوە ڕەوانە نەکراوە و نزیکەی 40 ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایار تێپەڕیوە.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا