لە دووبز و پردێ کۆماندۆى کوردستان و دژەتیرۆرى عێراق ڕووبەڕووى داعش بوونەتەوە؛ "چەکدارانی داعش گەمارۆدراون"

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە دووبز و پردێ کۆماندۆى کوردستان و دژەتیرۆرى عێراق ڕووبەڕووى داعش بوونەتەوە
لە دووبز و پردێ کۆماندۆى کوردستان و دژەتیرۆرى عێراق ڕووبەڕووى داعش بوونەتەوە

ماوەی دوو ڕۆژە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەگەڵ دژەتیرۆری عێراق بە بەشداریی هێزەکانی فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانان، کێوماڵێکی ئەمنیی هاوبەشیان لە ناوچەی قەرەسالم لە سنووری کەرکووک دەستپێکردووە و لە ئۆپراسیۆنەکەدا ئەفسەرێک بە پلەی ملازمی یەک، لە هێزی دژەتیرۆری عێراق کوژرا.

ڕووبەڕووبوونەوە و کوژرانی ئەفسەرێک

لە کێوماڵەکەی ئەمڕۆدا، ژمارەیەک چەکداری داعش ڕووبەڕووی هێزەکانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکەی، هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری عێراق بوونەتەوە و لە ئەنجامیشدا بەگوێرەی سەرۆکی دەزگای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق، ئەفسەرێک بەپلەی ملازمی یەک، لە هێزی دژەتیرۆری عێراق کوژراوە.

ئامانجی کێوماڵەکە

کەناڵ8 لەبارەی ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە و جموجۆڵەکانی داعشەوە ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، کێوماڵەکە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەند شانەیەکی چەکدارانی داعشە و لەسەر بنەمای زانیاریی دروست بووە، کە داعش لە سنووری کەرکووک بەتایبەتی لە ناوچەکانی پردێ و دووبز جموجۆڵی کردووە.

گەمارۆدانی چەکدارانی داعش و بۆردوومانی ئاسمانی

هەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی چیاچەرمۆک، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزێکی هاوبەش دەستیپێکردووە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی چەکدارانی داعش لە سنووری شارەدێی پردێ دەکرێت و چەکدارانی داعش لە سنوورەکە گەمارۆدراون و دەگوترێت ژمارەیان 5 بۆ 6 چەکدارە.

پێگەی جوگرافیی ناوچەی قەرەسالم

ناوچەی قەرەسالم سەر بە قەزای دووبزە لە پارێزگای کەرکووک و لە باکوورەوە 20 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی پردێوە دوورە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا