بۆ دووەم ڕۆژ، موجتەبا خامنەیی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیدا بەشداری نەکرد
سەرەڕای تێپەڕبوونی 2 ڕۆژ بەسەر ڕێوڕەسمی ناشتن و ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی، تاوەکو ئێستا موجتەبا خامنەیی کوڕ و میراتگری ئەو، لە هیچ شوێنێک نەبینراوە و ئەمەش گومانی زۆری لای میدیاکان دروست کردووە.
بێسەروشوێنیی ڕێبەری نوێ
ئەمڕۆ لە تاران دووەم ڕۆژی ماتەمینی و ماڵئاواییکردن لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بەڕێوەچوو، بەڵام موجتەبا خامنەیی کوڕی ئامادەی مەراسیمەکە نەبوو. ڕۆژی یەکشەممەش لە کاتی نوێژکردن لەسەر تەرمی باوکی و ئەندامانی خێزانەکەی، بە هەمان شێوە غائیب بوو. تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا ڕێبەری نوێی ئێران لە هیچ کام لەو 6 ڕۆژەی بۆ ماتەمینی دیاریکراوە دەردەکەوێت یان نا.
هێرشەکەی 28ی شوبات
موجتەبا خامنەیی لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026، کە بووە هۆی کوژرانی باوکی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی، چیتر لە ناو خەڵکدا نەبینراوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ پەیامێکی دەنگی یان ڤیدیۆیی لەو بەرپرسە باڵایەی ئێران بڵاونەکراوەتەوە و تەنیا چەند لێدوانێکی نووسراوی بەناوی ئەوەوە بڵاوبوونەتەوە.
تەندروستی یان ئەمنییەت؟
لەو هێرشەی کە تێیدا عەلی خامنەیی کوژرا، موجتەبای کوڕیشی بریندار بوو. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن تەندروستیی ڕێبەری نوێ جێگیرە و کاروبارەکان بەڕێوەدەبات، بەڵام ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان غیابی ناوبراو بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە؛ یان بەهۆی تێکچوونی باری جەستەیی و تەندروستییەوە ناتوانێت دەربکەوێت، یاخود بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ڕێگەی پێنەدراوە بەشداریی ڕێوڕەسمی ناشتنی باوکی بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا