سروە محەمەد: بەغداد لەم هەفتەیەدا تەمویلی مووچەی مانگی 6 ڕەوانە دەکات

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (لە فراکسیۆنی یەکێتی)
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (لە فراکسیۆنی یەکێتی)

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاتی ڕەوانەکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان ئاشکرا دەکات.

کاتی ناردنی تەمویلی مووچە

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی 6ـی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات. هۆکاری دواکەوتنی تەمویلەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا لە بەغداد سەرۆکایەتییەکان و بەشێک لە دەستە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و تەکمیلەی مووچە لە عێراق تەواو نەبووە، ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە هەیە.

مەقاسەی داهاتە نانەوتییەکان

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە بەغداد بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی مەقاسە دەکات. هەرچەندە شاندی هەرێمی کوردستان داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕەی بۆ 60 ملیار دینار کردووە و پێشنیازەکە خراوەتە بەردەست وەزیری دارایی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغداد پابەندە بە ڕێککەوتنە کۆنەکە و داوای 120 ملیار دینارەکە دەکات، تەنیا لە حاڵەتی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکەدا ئەو بڕە کەم دەکرێتەوە.

گەرەنتی مووچە تاوەکو ساڵی 2027

سروە محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو کاتی دەرچوونی یاسای بودجەی 2027 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروست نابێت. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیاری حکومەتی عێراق و وەزیری دارایی وایە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە و وەک خۆی ڕەوانە بکرێت.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا