وەزارەتی تەندروستیی عێراق و تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد
تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: شاندێكی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، و ئەندامێتی د.سەباح نەسرەدین، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، سەردانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیان كرد.
بازنەی بیمەی تەندروستی فراوانتر دەکرێت
شاندی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د.عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی عێراق، گفتوگۆیان كرد لەبارەی پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگیی نێوانیان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستی و پێشكەش كردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاونیشتمانییان.
لەو كۆبونەوەیەدا چەند دۆسیەیەك تاوتوێكران و باس لەوەكرا بازنەی بیمەی تەندروستی فراوانتر بکرێت، بۆ ئەوەی ژمارەیەك پارێزگای هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
وەزیری تەندروستیی عێراق پشتیوانی بۆ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دووپاتكردەوە و جەختی كردەوە لە چالاككردنی ڕۆڵی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی تەندروستی.


3 کاتژمێر پێش ئێستا