بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ و 32 سەرۆک؛ ئەنقەرە میوانداری گەورەترین لوتکەی ناتۆ دەکات
پایتەختی تورکیا خۆی بۆ یەکێک لە گەورەترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکات و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەیان سەرۆک و سەدان وەزیر بۆ لوتکەی ناتۆ لەو شارە کۆببنەوە.
کاتی بەڕێوەچوون و میوانە باڵاکان
لە ڕۆژانی 7 و 8 تەمموز، لوتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 32 وڵات، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بەشداریی لوتکەکە دەکەن. هاوکات 100 وەزیری وڵاتان و نوێنەری دەیان دامەزراوەی گەورەی جیهانی لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە دەبن.
ئامادەکارییە لۆجستییەکان و ڕووماڵی میدیایی
تورکیا 3 فڕۆکەخانەی بۆ پێشوازیکردن لە میوانە باڵاکان تەرخانکردووە. بۆ گواستنەوەی دەنگوباس و ڕووداوەکانی لوتکەکەش، نزیکەی 3000 ڕۆژنامەوان لە ئەنقەرە ئامادە دەبن. لوتکەکە لە 18 خاڵی جیاوازەوە و لەڕێگەی 96 کامێراوە دەگوازرێتەوە، هەروەها 100 خاڵی تایبەت بۆ پەخشی ڕاستەوخۆ دابینکراوە. لەناو بینای سەرۆکایەتیی کۆماریش 1800 شوێن بۆ ڕووماڵ و 40 ژوور بۆ کاری مۆنتاژ ئامادە کراون.
پلانی ئەمنیی لوتکەکە
بۆ پاراستنی ئاسایشی لوتکەکە، تورکیا 56,288 کارمەندی ئەمنی جێگیر دەکات. ئەم هێزە دابەشبووە بەسەر 48,841 کارمەندی ئاسایش، 7,447 کارمەندی جەندرمە و 639 کارمەندی تایبەت بە بواری ئەلیکترۆنی و تەکنیکی، کە ئەرکیان پاراستنی سەرجەم شوێنەکانی بەڕێوەچوونی لوتکەکەیە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا