لە ئوسترالیا کێشەی کەمیی پلاستیک بۆ ڕیسایکڵین هەیە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کارگەیەکی ڕیسایکڵینی پلاستیک لە ئوسترالیا
کارگەیەکی ڕیسایکڵینی پلاستیک لە ئوسترالیا

جیهان بەدەست پاشماوەی پلاستیکییەوە گیری خواردووە، کەچی کۆمپانیاکانی ڕیسایکلین لە ئوسترالیا بەدەستی کەمیی پلاستیک و ئەو ماددانەی ڕیسایکڵ دەکرێن دەناڵێنن.

هۆشدارییەکانی کەرتی پیشەسازی

کارکەرانی پیشەسازیی ڕیسایکڵین، هۆشداری دەدەن لە دۆخەکە و بە مەترسی لەقەڵەم دەدەن، چونکە پلاستیکەکان لەجیاتی ئەوەی لە ناوخۆدا ڕیسایکڵ بکرێن، دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.

پرۆسەی کارکردنی کارگەکانی ناوخۆ

ئەمە دیمەنی کارگەیەکە لە دەوروبەری مێڵبۆرن لە ئوسترالیا، کارگەکە کار لەسەر پلاستیکی نوێ و پاک دەکات، پرۆسەکە بەجۆرێکە کە پلاستیکەکان جیا دەکرێنەوە، پاک دەکرێنەوە و دیسان جیا دەکرێنەوە تاوەکو پلاستیکی نوێیان لێ دروست دەکرێت، بۆیە پرۆسەیەکی گرانە.

پێداویستیی کارگەکە بۆ کەرەستەی خاو

تاوەکو کاری ئەم کارگەیەش وەک خۆی بەردەوام بێت، دەبێت هەموو مانگێک 800 تۆن پلاستیکی بۆ دابین بکرێت، ئەوەی ئێستا بەردەستە لە نیوەی ئەم بڕە کەمترە.

یاسای قەدەغەکردنی هەناردە و پێشێلکارییەکان

ساڵی 2021، حکومەت بڕیاری دا پاشماوەی پلاستیکی لەگەڵ تایە و کاغەز هەناردەی دەرەوەی وڵات نەکرێت، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی ئەم یاسایە پەیڕەو ناکرێت و بە شێوەیەکی نایاسایی پلاستیک هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، ئەمەش مەترسیی لەسەر کارگەکان دروست کردووە.

کاریگەریی جێبەجێنەکردنی یاساکان لەسەر وەبەرهێنان

سوزان تۆمبۆرۆو، کونسوڵی ڕیسایکڵینی ئوسترالیا لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکانەوە ڕایگەیاند، "ئەو یاسایانە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەگەر لە ئوسترالیا وەبەرهێنان لە ڕیسایکڵیندا بکەیت، لەلایەن ئەو کەسانەی یاساکان پێشێل دەکەن زەرەرمەند دەبیت".

تێچووی پرۆسەی ڕیسایکڵکردن لە ماڵانەوە

ڕیسایکڵکردنی ئەو پلاستیکەی لە ماڵەکانیش کۆ دەکرێتەوە، لە پرۆسەی کۆکردنەوە تاوەکو بردنی بۆ کارگەکان، قورسە و تێچوویەکی زۆری دەوێت، هەر ئەمەش وایکردووە ئەو بابەتانەی لە ڕیسایکڵینی پلاستیکەوە دێنە بەرهەم گران بن.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا