قوباد تاڵەبانی: تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە بۆ ساڵی 2026

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکانی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی 3ی ئاوی دووکان – سلێمانی کرد و بڕیاری پێویستی بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە دەرکرد.

بەدواداچوونی پڕۆژەکانی ئاو

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا کۆبووەوە و بە دواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەرێوەچوونی کارەکانی هەر دوو پڕۆژەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی 3ی ئاوی دووکان – سلێمانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە 5/7/2026 بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران دوای لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکان و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، پاڵپشتی خۆی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان دووپات کردەوە.

دابینکردنی بودجە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار

جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری لەسەر دابینکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دا و ڕایگەیاند کە بۆ ساڵی 2026 ئەم پڕۆژەیە لە ئەولەوییەتی کارەکانیاندایە و دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت. هەروەها دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە توانیویانە کارەکانی پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەڕێوەببەن.

تێچوو و ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ساڵی 2024وە بە گوژمەی 139 ملیار دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت.

گرنگی پڕۆژەکە بۆ ناوچەکە

بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی کەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت. هاوکات پڕۆژەکە کەرتی کشتوکاڵ لە قەزاکە دەبووژێنێتەوە و نزیکەی 32 گوندی ناوچەکەش لە پڕۆژەی ئاوەکە سوودمەند دەبن.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا