سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو فەرماندەی حەماسی ڕاگەیاند
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو فەرماندەی مەیدانیی حەماسیان لە کەرتی غەززە کوشتووە.
یەکێکیان فەرماندەی هێزی دەستەبژێری حەماس بووە
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو دوو فەرماندەیە "محەممەد نەجیب عاشور"، فەرماندەی گرووپی دەستەبژێری باڵی سەربازی حەماس و "تامر سەعید ئەبونەخل"، فەرماندەی شانەیەکی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەن.
هەڕەشە بوون لەسەر سوپای ئیسرائیل
بە گوتەى سوپاى ئیسرائیل "ئەو دوو فەرماندەی حەماس بەشداربوون لە بەرەوپێشبردنی پلانەکانی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل" و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان بۆ سوپاکەیان دروستکردووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێزەکانی یەکەی باشووری ئیسرائیل لە ناوچەکە جێگیرن و بەردەوامیش دەبن لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ.
وردەکاری ئۆپراسیۆنەکە نەخراوەتە ڕوو
سوپای ئیسرائیل هیچ وردەکارییەکی دەربارەی کات و شوێنی هێرشەکانەوە نەخستووەتەڕوو، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژانە هێرش و بۆردوومانیان لە کەرتی غەززە کردووە.
سەرەڕای ئاگربەست ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی غەززە
سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 ڕاگەیێنرا، بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی شەڕ و ئاوەدانکردنەوەی غەززە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانی کەرتەکە، کە کوژران و برینداربوون و وێرانکاریی زیاتری لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا قەیرانی مرۆیی خنکێنەریش لەو کەرتە وێرانە بەردەوامە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا