کوڕەکانی خامنەیی لە پرسەی باوکیان دەرکەوتن
سێ کوڕی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، نوێژی مردوویان لەسەر تەرمی باوکیان و چوار ئەندامی دیکەی خێزانەکەیان کرد، بەڵام موجتەبای شوێنگرەوی خامنەیی و ڕابەری ئێستای ئێران ئەمڕۆش دەرنەکەوت.
بەشداریکردن لە نوێژی مردووی بە کۆمەڵ
بەگوێرەى ئەو دیمەنانەی میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هەریەک لە مەسعود، مەیسەم و مستەفا، کوڕانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەرکەوتن، کە بە کومەڵ نوێژی مردوویان لەسەر تەرمی باوکیان کرد.
یەکەم دەرکەوتنیان بە ئاشکرا
دەرکەوتنی ئەو سێ کوڕەی خامنەیی، بەیەکەم دەرکەوتنی ئاشکرای ناوبراوان دادەنرێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە.
ڕێبەری نوێی ئێران دەرنەکەوت
هەرچەندە ئەو سێ کوڕەی خامنەیی لەو ڕێوڕەسمەدا دەرکەوتن، بەڵام موجتەبا خامنەیی، کە شوێنگرەوەی باوکێتی و ڕێبەری ئێستای وڵاتەکەیە، لە مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی باوک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی دەرنەکەوت.
دەنگۆی جیاواز سەبارەت بە بریندار بوونی موجتەبا خامنەیی
موجتەبا خامنەیی، لە دەستپێکی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوژرانی باوکی، خێزان و کچەکەیەوە دەرنەکەوتووە، هەرچەندە دەنگۆی جیاواز سەبارەت بە برینداربوون، کەمئەندام بوونی باس دەکرێت.
دوان لە کوڕانی خامنەیی لە حەوزەی قوم دەخوێنن
دوو کوڕی عەلی خامنەیی بەناوەکانی مەسعود و مستەفا، خۆیان بۆ زانستی ئایینی لە قوم تەرخان کردووە، تەنیا لە ماوەی ڕابردوودا چەند ئەرکێکی سیاسیی سادەیان لە نووسینگەکەی باوکیان جێبەجێکردووە.
بەڵام هەریەک لە موجتەبا و مەیسەم، بە گوێرەى ئەوەی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی دوور باسی دەکات، ڕۆڵی گەورەی سیاسییان هەبووە.
بەشداریکردنی کوڕانی خامنەیی لە خزمەتی سەربازیی
پەیمانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ساڵی 1988ەوە ئەو دوو کوڕەی خامنەیی واتا موجتەبا و مەیسەم، دوو ساڵ خزمەتی سەربازییان کردووە، دواتر موجتەبا لە تارانەوە دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە، ساڵی 1999 پەیوەندی بە حەوزەی زانستیی قومەوە کردووە.
زانیاری لەسەر سێ کوڕەکەی خامنەیی:
مستەفا خامنەیی
کوڕە گەورەی ڕێبەری پێشووی ئێرانە، 5ی شوباتی 1965 لە مەشهەد لەدایکبووە، سەرقاڵی توێژینەوەی سیاسییە لە قوم، بەڵام هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوەکردووە وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرە دەکات لە تاران.
مەسعود خامنەیی
کوڕی سێیەمی خامنەییە، بە سەید موحسین خامنەییش ناسراوە، سەرپەرشتی نوسینگەی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ڕابەری باڵا دەکات، ئەم دەزگایە بەرپرسە لە ڕێکخستن و دۆکیۆمێنت کردنی بەرهەمەکانی عەلی خامنەیی.
مەیسەم خامنەیی
ساڵی 1978 لەدایکبووە، کوڕی بچووکی خامنەییە، کەمترین دەرکەوتنی هەیە بەراورد بە براکانی، مامۆستایە لە حەوزەی زانستی، بەشداری چەند چالاکییەکی دامەزراوەی سەرکردایەتیی کردووە کە لە تاران کار دەکات.

1 کاتژمێر پێش ئێستا