ڕاپرسی؛ هەڵبژاردن بکرێت ئەردۆغان بەرامبەر سەرکردەکانی جەهەپە دەدۆڕێت
بەگوێرەی نوێترین ڕاپرسی، ئەگەر لە تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەردۆغان بەرامبەر سێ سەرکردە دیارەکەی جەهەپە دەدۆڕێت و زۆربەی دەنگدەرانی پارتی دەمیش پشتیوانیی ئیمامئۆغڵو دەکەن.
لەلایەن ناوەندی ڕاوێژکاری و لێکۆڵینەوەی ئەنقەرەوە کراوە
ڕاپرسییەکە ڕۆژانی 26 تاوەکو 28ی مانگی ڕابردوو، لەلایەن ناوەندی ڕاوێژکاری و لێکۆڵینەوەی ئەنقەرەوە کراوە و بۆچوونی دەنگدەرانی پارتەکان، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەرگیراوە.
ڕێژەی وەڵامی دەنگدانەکان
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی؛ ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بەربژێر بن، دەنگ بە کامیان دەدەیت؟ 44.6% گوتوویانە دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن و 35.8% دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن.
لە ئەگەری بەربژێربوونی ئەردۆغان و مەنسور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرەش، 46.2% دەنگ بە یاڤاش دەدەن و 32.4% دەنگیان بۆ ئەردۆغانە.
دوواین پرسیاریش لەبارەی ئەگەری بەربژێربوونی ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپەیە و 42.4%ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دەنگ بە ئۆزەل و 37.6%ـیشیان دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن.
وەک لە ئەنجامی ڕاپرسییەکەدا هاتووە؛ 79.2%ـی دەنگدەرانی پارتی دەم دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن، 75%ـیان دەنگیان بۆ ئۆزەلە و 29.2%ـیشیان دەنگ بە یاڤاش دەدەن.
دواین هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا
دوواین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیا لە ئایاری 2023 کرا و بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتوو لە 2028 بەڕێوەبچێت، بەڵام میدیای تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، بە ئەگەری بەهێز ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت و بەو جۆرەش ئەردۆغان دەتوانێت بۆ سێیەم جار خۆی بەربژێر بکات.
4 کاتژمێر پێش ئێستا