حەسەن کوردى و براکەى بە 500 ملیۆن دۆلارەوە هەڵاتوون بۆ فەڕەنسا
حەسەن کوردى کێیە، بۆچى دەگوترێت ئەگەر دەستگیر بکرێت، پرۆسەى سیاسى لە عێراق هەرەس دەهێنێت.
لەگەڵ بەردەوامى بەدواداچوونى حکومەتەکەى عەلى زەیدى، بۆ دۆسییەکانى گەندەڵى وەزارەتى نەوت، ناوێک دەبێتە سەردێڕ و قسەى سەر زارى بەرپرسان و میدیاکانى عێراق، بەتایبەت دواى بڵاوبوونەوەى زانیاریی لەبارەى هەڵاتنى بۆ تورکیا لە ڕێگەى دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دواى دەستگیرکردنى عەدنان جومەیلى بریکارى وەزارەتى نەوت بەتۆمەتى گەندەڵى لە گرێبەستە نەوتییەکان کە بەهاکەیان زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارە.
حەسەن کوردى کێیە و ڕۆڵى چى بووە لە بەڕێوەبردنى گرێبەستە نەوتییەکان؟
جۆرى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان و لایەنە سیاسییەکان چۆن بووە؟
بەگوێرەى زانیارییەکان، حەسەن کوردى، دواى چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنى عەدنان جومەیلى، لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە چووەتە تورکیا.
بەرپرس بووە لە دۆسییەی دارایی گرێبەستی پاڵاوگەکان
حەسەن کوردى، بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنى دۆسییەى دارایی گرێبەستى پاڵاوگەکان، جگە لەوەش وەک نوێنەرى ئابوورى حیزبێکى سیاسیی سوننە کارى کردووە، هەروەها هاوبەشى عەدنان جومەیلى بووە لە چەندین دۆسییەى ئابوورى، سەربارى ئەوەش پەیوەست بووە بە ئابوورى حیزبەکانى جێبەجێکار لە ناو دەسەڵاتدا.
ئەڵقەی پێکەوەبەستنی نێوان تۆڕەکانی گەندەڵی
باس لەوە دەکرێت، حەسەن کوردى ئەلقەى پێکەوە بەستنى نێوان تۆڕەکانى گەندەڵى و عەدنان جومەیلییە، ڕۆڵەکەى زۆر گەورەتر بووە لەوەى لەسەر عەدنان جومەیلى دەگوترێت، تەنانەت دەگوترێت ئەگەر دەستگیر بکرێت پرۆسەى سیاسى هەرەس دەهێنێت.
دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن
حەسەن عەبدوڵا نەجار، ناسراو بە حەسەن کوردى لەگەڵ براکەیدا بەناوى محەممەد عەبدوڵا نەجار، لەسەر گەندەڵی گرێبەستەکانى پاڵاوگەکانى نەوت، لە ڕۆژى پێنج حوزەیرانەوە لەلایەن دادگاى عێراقییەوە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، فەرمانەکەش دراوەتە پۆلیسى ئینتەرپول.
حەسەن کوردی کێیە؟
حەسەن کوردى لە ساڵى 1993 لەدایکبووە، بەو تەمەنە کەمەوە سەرپەرشتى تۆڕێکى بەرفراوانى تایبەت بە دۆسییەى گرێبەستەکان و پارەدارکردنى سیاسى کردووە، پارەى بۆ هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن دابینکردووە و پاڵپشتیی دارایی سەرکردە سیاسییەکانى لە هەر سێ پێکهاتەکە کردووە.
وەک دەگوترێت عەدنان جومەیلى تەنیا بەشێکە لە دۆسییە گەورەکەى گەندەڵى ، بەڵام حەسەن کوردى دەرگاى سەرەکى پارە و چۆنییەتى دابەشکردنى بووە، بەدەستگیرکردنیشى، تۆڕێکى گەورەى گەندەڵى ئاشکرا دەبێت، بەو پێیەى زانیاریی هەیە لەبارەى دابەشکردنى پارە و پەیوەندیی دارایی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
پەیوەندی جومەیلی و حەسەن کوردی
بەگوێرەى زانیارییەکان، پەیوەندییەکانى حەسەن کوردى و عەدنان جومەیلى ئەو کاتە دەستیپێکردووە کە بووەتە بریکارى وەزارەتى نەوت و حەسەن کوردى چەند پۆستێکى وەک بەڕێوەبەرى پاڵاوگەکانى باکوور و بەڕێوەبەرى پاڵاوگە کڕیوە.
چ ڕێککەوتنێک هەبووە؟
ڕێککەوتن هەبووە، پرۆژەکانى پەیوەست بە گرێبەستەکانى کۆگاکانى نەوت، بدرێنە حەسەن کوردى لە بەرامبەر تێپەڕاندنیان لە وەزارەتى نەوتەوە بۆ وەزارەتى پیشەسازى و کانزاکان. دواتریش جارێکى دیکە جێبەجێکردنیان بدرێتەوە بە کۆمپانیا حکومییەکان لەبەرامبەردا بەرپرسان بەشێک لە پارەى گرێبەستەکان وەربگرن کە بەهاى گرێبەستەکانیش لە نێوان 14 بۆ 15 ملیار دینار بووە ، ئامانج لەو پێچ و دەورانەش ئەوەبووە مەرجە یاساییەکان تێپەڕێنرێن، کە دەڵێت، گرێبەستە گەورەکان ڕاستەوخۆ بدرێنە کەرتى تایبەت.
هاوکات، مستەفا سەنەد، وەزیرى پەیوەندییەکان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک نووسیویەتى، بەرپرسى لیژنەى ئابوورى سەر بە عەدنان جومەیلى بۆ دەرەوەى عێراق هەڵاتووە و لەگەڵ براکەیدا چوونەتە فەڕەنسا.
بەگوتەى سەنەد، هەردوو براکە 500 ملیۆن دۆلاریان لەگەڵ خۆیان بردووە و هەڵاتوون، سەرۆکوەزیرانیش سوورە لەسەر شوێنکەوتنى یاسایی و دادوەرى لە ڕێگەى کەناڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێنانەوەی هەردوو براکە و پارەکانیان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا