سەرۆکى پەرلەمانى ئێران: جێبەجێکردنى لێکگەیشتنەکە قورسە بەڵام دەکرێت ڕوو بدات
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکى پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا قورسە، بەڵام هەر دەکرێت جێبەجێبکرێت.
"ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بوونی نییە"
قالیباف، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانى بۆ میدیاى فەرمیى وڵاتەکەى ئاماژەى بەوەشکردووە، هیچ ئاشتییەک لەنێوان ئەوان و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بوونى نییە و دانیش بە ئیسرائیلدا نانێن.
"جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنەکە لەگەڵ واشنتن قورسە"
قالیباف ئەوەشى ڕاگەیاندووە، دیپلۆماسییەت، پێویستە ئەوەندە تواناى هەبێت، دەستکەوتەکان لە مەیدان بەدەستبهێنێت و جێگیریی بکات، جەختیشیکردەوە "جێبەجێکردنى یاداشتى لێکگەیشتنەکەیان لەگەڵ واشنتن قورسە، بەڵام دەکرێت جێبەجێ بکرێت".
نوێترین هەڵوێستی ترەمپ لە بارەی ئێرانەوە
ئەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی ئێستای ئێرانەوە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ئەکسیۆس، جەختی لەوە کردەوە، ئێستا ڕژێمی ئێران بێهیوا بووە لە کۆتاییهێنان بەم جەنگە و دەڵێت: "ئەوان دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن."
لەژێر ڕۆشنایی ئەم لێکگەیشتنە کاتییەدا، جەنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا بە تەواوی ڕاگیراوە و دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکانەوە گوتی: "لەو ماوەیەدا، هیچ لایەک هێرش ناکاتە سەر لایەکەی دیکە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا