سەرچاوەیەکى ئەمنى لە کەرکووک: سێ کەس لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا برینداربوون

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە بریندارەکانی ئاڵۆزییەکەی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کەرکوک
یەکێک لە بریندارەکانی ئاڵۆزییەکەی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کەرکوک

لە کەرکووک ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پاسەوانانى ئەحمەد ڕەمزی و پاسەوانانى نەخۆشخانەیەکى ئەهلى ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کارمەندى نەخۆشخانەکە برینداربوون.

هۆکاری ئاڵۆزییەکە

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە کەرکووک بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەکە کاتێک ڕوویداوە ئەحمەد ڕەمزی، کە ئەندامی ئەنجوومەن و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، سەردانى نەخۆشخانەکەى کردووە و پاسەوانی نەخۆشخانەکە داواى کردووە پاسەوانەکانی ئەحمەد ڕەمزی بەدەمانچەوە نەچنە ناو نەخۆشخانەکە و بەم هۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزییەکە دروستبووە.

برینداربوونی سێ کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەمنی

بەگوێرەى سەرچاوەکە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا سێ کارمەندی ئەو کۆمپانیا ئەمنییەی ئەرکی پاراستنی نەخۆشخانە ئەهلییەکەیان  لەئەستۆبووە  بریندارن و ڕەوشی تەندرووستی یەکێکیان جێگیر نییە و لەنەخۆشخانەی کەرکووکی گشتی چارەسەر وەردەگرن.

هەردوولا سکاڵایان لە دژی یەکتری تۆمار کردووە

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، هەردوولا سکاڵایان لەدژی یەکدی تۆمارکردووە و یەکێک لە پاسەوانەکانى ئەحمەد ڕەمزی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا