نەخشەڕێگای ڕزگارکردنی بودجەی 2027؛ شارەزایان 10 هەنگاوی بەپەلە دەخەنە بەردەم حکومەتی عێراق
لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی بودجەی ساڵی 2027، شارەزایانی ئابووری چەند ڕێکارێکی توند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە داراییەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەخەنەڕوو.
کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، پێویستە حکومەتی عێراق لە بودجەی 2027دا خەرجییە ناپێویستەکان بەتایبەتی خەرجییەکانی دامودەزگا حکومییەکان کەم بکاتەوە. هاوکات جەخت لەسەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان دەکەنەوە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی وردی گومرگ، باج و ڕسوماتەکان، بۆ ئەوەی بودجە تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت نەبەستێت.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە
بەشێکی دیکەی پێشنیازەکان پەیوەستە بە چاکسازیی کارگێڕی و دارایی، کە تێیدا داوای لێپێچینەوەی جدی لە گەندەڵکاران و کاراکردنی ڕێکارەکان بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان دەکرێت. شارەزایان پێیان وایە بەبێ بنبڕکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی سەروەت و سامانی گشتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بودجەی ساڵانی داهاتوو هەمیشە لەبەردەم مەترسیی کورتهێناندا دەبێت.
هەمەجۆرکردنی ڕێگەکانی هەناردەی نەوت
بۆ زامنکردنی بەردەوامیی داهاتی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی، شارەزایان داوا دەکەن عێراق تەنیا پشت بە یەک ڕێگەی هەناردەکردن نەبەستێت و ڕێگەکانی دیکە لە ڕێگەی تورکیا، سووریا و ئوردنەوە کارا بکاتەوە. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە جێگیرکردنی ئاستی هەناردە و پاراستنی بودجە لە هەر ئاڵۆزییەکی سیاسی یان ئەمنی کە لە ناوچەکەدا بێتە پێشەوە.
پشتگیریکردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان
لە کۆتا بەشی پێشنیازەکاندا، جەخت لەسەر هاندانی پیشەسازییە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ کراوەتەوە. شارەزایان پێیان وایە دەبێت حکومەت پشتبەستن بە کەرتی تایبەت زیاد بکات و ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان دروست بکات، تاوەکو بارقورسیی سەر بودجەی گشتی کەم بێتەوە و داهاتەکان فرەچەشن بن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا