خورشید هەرکی و براکەی؛ وردەکاریی ئەو تۆمەت و سزایانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە
دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کۆمەڵێک تۆمەتی قورس ئاڕاستەی خورشید هەرکی و براکەی کراون کە بەپێی یاسا سزاکانیان لە زیندانی هەتاهەتاییەوە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات.
تێبینییەکی دەستووری لەسەر ڕاگەیێنراوی پۆلیس
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای لە سنووری شارۆچکەی خەبات دەستگیرکران. لە ڕاگەیێنراوی پۆلیسی هەولێردا وشەی "تاوانبار" بۆ هەردووکیان بەکارهاتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ماددەی 19 بڕگەی 5 لە دەستووری عێراق، "تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی لەسەر دەسەلمێت"، بۆیە بەکارهێنانی وشەی تاوانبار پێش بڕیاری دادگا وەک پێشێلکارییەکی یاسایی لێکدەدرێتەوە.
تۆمەتی کوشتن و سزای لەسێدارەدان
یەکێک لە قورسترین ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەردوو براکە کراوە، "شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاونیشتمانییەک"ـە لە ڕووداوەکەی 8ـی تەمموزی 2025. بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای ئەم کردەوەیە دەگاتە "لەسێدارەدان"، بەتایبەت کە چەند بارودۆخێکی تووندکردنی سزا لە ڕووداوەکەدا بوونی هەیە.
زیادەڕۆیی و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی
تۆمەتێکی دیکە بریتییە لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت. بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018 (یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی)، ماددەی 11 سزاکەی بە بەندکردن بۆ ماوەیەک دیاریکردووە کە لە 1 ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن (غەرامە) لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار، جگە لە تێچووی لابردنی زیادەڕۆییەکە.
سووتاندنی کەلوپەلی سەربازی و هاندانی خەڵک
تۆمەتی سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە، بەپێی ماددەی 342 بڕگەی 1 و 2، سزاکەی لەنێوان زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی"دایە. هەروەها سەبارەت بە هاندانی خەڵک دژی یاسا، بەپێی ماددەی 212ـی یاسای سزادان، سزاکەی بەندکردنە ئەگەر ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی گشتی.
زیانگەیاندن بە ئاسایش و ژێرخانی ئابووری
سەبارەت بە هەڕەشەکردن بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری، یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 (کە ماددەی 156ـی هەموار کردووەتەوە) جێبەجێ دەبێت. هەرکەسێک بە ئەنقەست زیان بە ئاسایش و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێم بگەیەنێت، بە زیندانی "هەتاهەتایی یان کاتی" سزا دەدرێت. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆژە حکومییەکان، ماددەی 197 سزای زیندانی کاتی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بۆ داناوە.
ئەگەری سزادانی درێژخایەن
بەپێی کۆی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، ئەگەر لە دادگا بسەلمێنرێن، خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێننەوە. لەم جۆرە تاوانانەدا تەنانەت لێخۆشبوونی گشتیش نایانگرێتەوە مەگەر مافی کەسیی (کەس و کاری کوژراوەکان) نەمێنێت و تەنیا لە مافی گشتی خۆشببن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا