خەبات و گردەڕەشە؛ دەیان تانک و زرێپۆش و بازگەی سەربازی جێگیر دەکرێن
هێزێکی زۆری سەربازی لە سنووری شارۆچکەی خەبات و گوندی گردەڕەشە بڵاوەیان پێکراوە و بەو هۆیەشەوە ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستبووە.
بارودۆخێکی نائارام و چڕکردنەوەی بازگەکان
بەپێی زانیارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە، دۆخی گوندی گردەڕەشە نائارامە و لە ناو کەورگۆسکەوە تاوەکو گوندی گردەڕەشە چەندین بازگەی نوێ دانراون. هەروەها لە مەفرەقی کەورگۆسک لەسەر ڕێگای هەولێر- موسڵ تاوەکو پردی کەلەکی یاسین ئاغا، دەیان زرێپۆش و هێزی سەربازی جێگیرکراون.
بنکە سەربازییەکان لە ناو شارۆچکەی خەبات
لە دەروازەی شارۆچکەی خەبات و ناو دارستانەکەی، چەندین بنکەی سەربازی دامەزراون. هاوکات لەبەردەم بینای قایمقامیەت، ناوچەی پارتی و بینای لاوانی خەبات، هێزی سەربازی و زرێپۆش جێگیرکراون. لە جووت سایدی سەرەکیی دەروازەی شارۆچکەکەش هێزێکی زۆر بە تانک و زرێپۆشەوە بڵاوەیان پێکراوە.
ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاونیشتمانییان
جێگیرکردنی ئەو دەیان بازگە و خاڵە سەربازییە لە دەوروبەری گردەڕەشە و ناو خەبات، بووەتە هۆی سنووردارکردنی هاتووچۆی هاونیشتمانییان. دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەوە، ئاستەنگی زۆریان بۆ دروستبووە و ناتوانن وەک پێشتر بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا