هاوپەیمانییەکەی سوودانی: پشتیوانی لەناوبردنی گەندەڵی و کۆکردنەوەی چەک دەکەین
سەرەڕای دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەخت لەسەر سەروەریی یاسا و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری و گەندەڵی دەکاتەوە.
ڕێکخستنەوەی نێوماڵی هاوپەیمانییەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا پەیڕەوی ناوخۆی فراکسیۆنەکە پەسەند کرا و سەرۆک، جێگران، بڕیاردەر و گوتەبێژی نوێی فراکسیۆنەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، بە ئامانجی چالاککردنی ڕۆڵی فراکسیۆنەکە لە پەرلەماندا.
هەڵمەتی لەناوبردنی گەندەڵی
لە ڕاگەیێنراوی فەرمیی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە، پشتیوانیی تەواوی ڕێکارەکانی حکومەت و دادگا و دامەزراوە تایبەتمەندەکان دەکەن بۆ لەناوبردنی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەم هەڵمەتە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بێت، بە جۆرێک کە سەربەخۆیی دادگا بپارێزرێت و برەو بە سەروەریی یاسا بدات.
چەک لە دەستی دەوڵەت و کشانەوەی هێزە بیانییەکان
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی چەک و سەروەریی نیشتمانی بوو. هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان دووپاتکردەوە. هەروەها جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە بوونی هەر هێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق و پاراستنی بڕیاری سەربەخۆی وڵات.
کۆبوونەوە لەژێر سێبەری دەستگیرکردنەکاندا
ئەم کۆبوونەوەیەی هاوپەیمانییەکەی سوودانی لە کاتێکدایە، کە زۆرینەی ئەو کەسانەی لە ئۆپراسیۆنی هێرشی بەرەبەیانی ڕۆژی 28ی حوزەیرانی 2026 بۆ سەر ناوچەی سەوز دەستگیرکران، ئەندامی ئەم هاوپەیمانییەن. ئەمەش وایکردووە جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە، وەک پەیامێکی سیاسیی گرنگ لەم کاتەدا سەیر بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا