قالیباف: لەگەڵ ئەمریکا ئاشتیمان نییە و دان بە ئیسرائیلدا نانێین
سەرۆکی پەرلەمان و شاندی دانوستاندنکاری ئێران ڕایدەگەیێنێت، جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا بە مانای ئاشتی نایەت و تۆڵەی خوێنی خامنەییش بە ئازادکردنی قودس دەبێت.
پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و لێکتێگەیشتنی نوێ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا سەختە بەڵام مەحاڵ نییە. قالیباف جەختی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ ئەمریکا ئاشت نابنەوە و دان بە ئیسرائیلیشدا نانێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنەکە لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
تۆڵەی خامنەیی و پشتیوانیی "بەرەی مقاوەمە"
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵڵا لە تاران، قالیباف ڕایگەیاند: "تۆڵەی خوێنی ڕێبەری شەهیدمان، ئازادکردنی قودسە". ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی بەرەی مقاوەمە، چ بە مووشەک بێت یان بە گوشاری سیاسی لە ڕێگەی دانوستاندنەوە.
هێڵە سوورەکان و ئاسایشی ناوچەکە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وڵاتی لوبنانی وەک "هێڵی سوور"ـی ئێران ناوبرد و گوتی، پێش واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە پێداگربوون کە دەبێت خاڵی ڕاگرتنی شەڕ دژی هاوپەیمانەکانیان لە ناو دەقەکەدا جێگیر بکرێت. هەروەها داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هاوئاهەنگی بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشیان بۆ ناهێنێت".
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی
لە ڕۆژی شەممەوە ڕێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران دەستیپێکردووە. بڕیار وایە ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، تەرمەکەی لە شاری مەشهەد بە خاک بسپێردرێت.
وردەکاریی ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە
ئەمریکا و ئێران لە 18ـی حوزەیرانی 2026 لێکتێگەیشتنێکی کاتییان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرد. بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ کراوەتەوە تاوەکو گفتوگۆکان بگەنە ئەنجامی کۆتایی و ڕێگری لە ڕژانی خوێنی زیاتر بکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا