بازاڕەکانی وزە؛ نرخی نەوت دابەزی و هەناردەی وڵاتانی کەنداو گەیشتە 10 ملیۆن بەرمیل
نرخی نەوت لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا دابەزینی تۆمارکرد و شیکەرەوان هۆکارەکەی بۆ هێوربوونەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی خستنەڕوو لە لایەن وڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە دەگەڕێننەوە.
دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا
ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی وزە، نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە ڕووی لە دابەزین کرد. نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 0.40% دابەزی و بە 71.50 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نەوتی تەکساسی ئەمریکیش بە ڕێژەی 0.20% نرخەکەی لەدەستدا و گەیشتە 68.45 دۆلار.
هۆکارەکانی پاشەکشەی نرخەکان
بەگوێرەی شیکارییەکانی پێگەی "ئۆیڵ پرایس"، دابەزینی نرخەکان بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، لەوانە: کەمبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی کۆگای نەوتی وڵاتانی بەکاربەر، لاوازیی خواستی جیهانی بۆ وزە و زیادبوونی بڕی خستنەڕوو، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نزمبوونەوەی نرخەکان هەبووە.
زیادبوونی بەرهەمی ئۆپێک و هەناردەی کەنداو
ڕاپرسییەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، کۆی بەرهەمی ئۆپێک لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا بە ڕێژەی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 19.5 ملیۆن بەرمیل. هاوکات هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش بەراورد بە مانگی ئایار زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەرچەندە ئەم ئاستە هێشتا بە ڕێژەی 40% لە ئاستی پێش جەنگ کەمترە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا