ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ چوار یاسای نوێ لە کارنامەی دانیشتنەکەدان

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پاش کۆتاییهاتنی پشووەکەیان، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانان ئەنجام دەدات و تێیدا جەخت لەسەر چاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکرێتەوە.

دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان و خوێندنەوەی 4 یاسا

ئەمڕۆ کاتژمێر 1ـی پاشنیوەڕۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەکات. بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە: پێشنیازەیاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، هەموارکردنی یاسای چاودێریی نەوجەوانان، هەموارکردنی یاسای پارێزەرایەتی و پێشنیازەیاسای پارەدارکردنی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.

گۆڕانکاری لە شێوازی چاودێریکردنی وەزارەتەکان

عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاندووە، ئەم وەرزەی یاسادانان گواستنەوەیەکی جۆری لە ڕۆڵی چاودێریی پەرلەماندا دەبینێت. کارنامەی دانیشتنەکان بە جۆرێک دادەڕێژرێت کە تایبەت بێت بە گفتوگۆکردن و گوێگرتن لە کار و پلانی وەزارەتەکان و دەستە چاودێرییەکان، ئەمەش وەک پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی کارەکانیان بەکاردەهێنرێت.

شەڕی دژی گەندەڵی؛ لە دروشمەوە بۆ کردار

جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێتە کاری لە پێشینەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران. فەیحان ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕی گەندەڵی پێویستی بە ڕێکاری مەیدانی و ڕاستەقینە هەیە، نەک تەنیا دروشم و ڕاگەیێنراو کە زۆرجار دەبنە پەردە بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی زیاتر. بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆڵی لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی دەزگا چاودێرییەکان کارا دەکرێت.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا