ڕاپرسییەک: ئەردۆغان بەرامبەر هەر سێ سەرکردەکەی جەهەپە دەدۆڕێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فۆتۆکە بەڕیز لە ڕاستەوە بۆ چەپ؛ ئۆزگور ئۆزەل، مەنسور یاڤاش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
فۆتۆکە بەڕیز لە ڕاستەوە بۆ چەپ؛ ئۆزگور ئۆزەل، مەنسور یاڤاش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

ئەنجامی نوێترین ڕاپرسی لە تورکیا دەریدەخات، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناتوانێت بەرامبەر بەربژێرەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ئەردۆغان بەرامبەر سێ ڕکابەرە سەرەکییەکە

ناوەندی ڕاوێژکاری و لێکۆڵینەوەی ئەنقەرە ڕاپرسییەکی لە نێوان 26 تاوەکو 28ـی مانگی ڕابردوو ئەنجامداوە. بەپێی ئەنجامەکان، ئەگەر ئەردۆغان و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕکابەری بکەن، ئیمامئۆغڵو 44.6% و ئەردۆغان 35.8%ـی دەنگەکان دەهێنن. لە بەرامبەر مەنسور یاڤاشدا، یاڤاش 46.2% و ئەردۆغان 32.4%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن. هەروەها لە بەرامبەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، ئۆزەل 42.4% و ئەردۆغان 37.6%ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

پێگەی دەنگدەرانی پارتی دەم

ڕاپرسییەکە ئاشکرای کردووە کە دەنگدەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن. 79.2%ـی دەنگدەرانی ئەو پارتە پشتیوانی لە ئیمامئۆغڵو دەکەن، 75%ـیان دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل دەدەن و تەنیا 29.2%ـیان ئامادەن دەنگ بە مەنسور یاڤاش بدەن. ئەم داتایانە دەریدەخەن کە ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل زۆرترین قبووڵکراوییان لای دەنگدەری کورد هەیە.

ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە

دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە ئایاری 2023 بەڕێوەچوو و بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتوو لە ساڵی 2028 بکرێت. بەڵام لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی تورکیادا باس لە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر پەرلەمان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەردۆغان دەتوانێت بەپێی یاسا بۆ جارێکی دیکە (سێیەم جار) خۆی بەربژێر بکاتەوە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا